رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو تەقینەوەیە دەکات کە پاسێکی نەفەرهەڵگری لە شاری جەرەمانا لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا کردە ئامانج و بەهۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت: "بەتووندی سەرکۆنەی ئەو تەقینەوەیە دەکەین کە پاسێکی نەفەرهەڵگری لە جەرەمانا کردە ئامانج و بەهۆیەوە چەندین قوربانی لێکەوتەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بۆ ئەم رووداوە دڵتەزێنە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی حکومەت و گەلی کۆماری عەرەبیی سووریا و خێزانی قوربانییەکان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ تەواوی بریندارەکان دەخوازێ."
" هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ تەواوی برینداران دەخوازین"
— سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانرووداوەکە چۆن بوو؟
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، بۆمبێکی چێندراو لەنێو پاسێکی بچووکی نەفەرهەڵگردا لە شەقامی رەوزە لە نێوەڕاستی شاری جەرەمانا تەقییەوە.
جەرەمانا شارێکە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی دیمەشق و ناوچەیەکی قەرەباڵخە، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی دروز و مەسیحین.
زیانەکان چەند بوون؟
لە سەرەتادا دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند، دوو کەس کوژراون و نزیکەی 14 کەسیش بریندار بوون. بەڵام رۆژی هەینی، وەزارەتی تەندروستیی سووریا بڵاویکردەوە، تەنیا 14 کەس بریندار بوون (کە برینی سێ کەسیان سەختە) و هیچ کەسێک نەکوژراوە.
بەرپرسان روونیان کردەوە، ئەو پارچە جەستەیەی لە شوێنی رووداوەکە بینراوە، هی ئەو بریندارانە بووە کە دواتر نەشتەرگەرییان بۆ کراوە.
گرووپێکی نەناسراو کە ناوی لەخۆی ناوە (مینبەری ئەنساڕوڕەسووڵ) بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند. هێزە ئەمنییەکانی سووریا ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.


