رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هیچ مەترسییەکی تایبەت لەسەر هەرێمی کوردستاندا نییە و ئەو رۆڵەی هەرێمی کوردستان بینیویەتی کەمترین زەرەری تێدا کردووە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پێشهاتەکان و دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند: "دۆخی ناوچەکە خۆی ئاڵۆزە و تایبەت نییە بە کوردستان، مەترسییەکی تایبەت لەسەر هەرێمی کوردستاندا نییە." و لەبارەی ئەو سیاسەتەی هەرێمی کوردستان لەم دۆخەدا پەیڕەویدەکات گوتی: "ئەو رۆڵەی هەرێمی کوردستان بینیویەتی کەمترین زەرەری تێدا کردووە."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدراڵ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەرێمی کوردستان پشتیوانیی هەنگاوەکانی بەڕێز زەیدی دەکات، چونکە هەنگاوە ئابووری و ئەمنییەکانی زەیدی پەیوەستە بە گەلی عێراق."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دڵشاد شەهاب هۆشداریدەدات لە کەمبوونەوەی داهاتەکانی عێراق و ئاماژە بەوەدەکات: "داهاتی عێراق بەگشتی کەمیکردووە و هەڕەشەیە بۆسەر هەمووان، کەمکردنی داهاتی عێراق هەڕەشەیە بۆسەر دواکەوتنی مووچە و ژیانی خەڵک."



