رووداو دیجیتاڵ هەرزانی خەیاری خۆماڵی، جووتیارانی باڵەکایەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر نیگەران کردووە کە رۆژانە نزیکەی 40 تۆن خەیار بەرهەم دەهێنن و بۆیان ساخ نابێتەوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڵێن بە جووتیاران دەدات، لەگەڵیان کۆبێتەوە و کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان بکات. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (تیم مارت)یش دەڵێت: "ئەمڕۆ رێکارەکان بۆ کڕینی بەرهەمی خۆماڵی دەستپێدەکەین." رۆژانە نزیکەی 40 تۆن خەیار لە سنووری باڵەکایەتی بەرهەم دەهێندرێت کە 10 تۆنی بۆ بازاڕی سۆرانە و 30 تۆنیشی بۆ بازاڕەکانی پارێزگای هەولێر دەنێردرێت. بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی سۆران، ئەمساڵ 2750 دۆنم زەوی ناوچەکە بە خەیار و 8 هەزار دۆنم بە تەماتە چێندراوە. جووتیارانی سنوورەکە بەرهەمێکی زۆری خەیاریان هەیە، بەڵام نیگەرانن لە کەمی نرخەکەی کە کیلۆی تەنیا بە 200 دینار دەفرۆشن. بەختیار شۆڕش، یەکێکە لە جووتیارانی گوندی (ناوەندە) سنووری قەزای چۆمان بە رووداوی گوت: "کیلۆیەک خەیار بە 200 دینار دەفرۆشین، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی هەر تۆنێک خەیار 200 هەزار دینار لەسەر ئێمە دەکەوێت." کرێی گواستنەوە و لێکردنەوە خەرجی هەیە. بەختیار شۆڕش دەڵێت: "ئەو خەرجییە دەگاتە 180 هەزار دینار بۆ تۆنێک، بۆیە هەندێک کات قەرزاریش دەبینەوە." جووتیارێکی گوندی (ئازادی)ش لە سنووری باڵەکایەتی گوتی: "بەهۆی کەمی نرخ و زۆری خەرجییەوە زیانمان لە قازانج زیاترە." جووتیارانی باڵەکایەتی تەنیا کێشەی کەمی نرخیان نییە، بەڵکو وەک بەشێک لە جووتیاران ئاماژەیان بۆ کرد، چەند رۆژێک لە عەلوە دەمێننەوە و بەرهەمەکانیان نافرۆشرێت، چونکە بەرهەم زۆرە و کێشەی ساخکردنەوەیان هەیە. عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی (حاجی ئۆمەران) کە خۆی یەکێکە هاوشانی پۆستە کارگێڕییەکەی، کاری جووتیاری دەکات، رایگەیاند، هۆکاری ساخنەبوونەوەی بەرهەمی خۆماڵی زۆری چاندنە و هەربۆیە دەکرێت چاندن رێکبخرێتەوە تاوەکو نرخەکەی بەرز بێتەوە. نرخی خەیار لای جووتیار و بازاڕ جیاوازە بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، نرخی هەر کیلۆیەک خەیاری باڵەکایەتی لە عەلوە بە 250 تاوەکو 300 دینارە، لە عەلوەکانیش بە 350 تاوەکو 400 دینار بە بەقاڵەکان دەفرۆشرێتەوە. نرخی هەر کیلۆیەک خەیار لە بێستانی جووتیارانەوە تاوەکو دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان سێ هێندە بەرز دەبێتەوە و لە 250 دینارەوە هەر کیلۆیەکی دەگاتە 750 دینار. کەوکەز سادق، نوێنەری عەلوەی سۆران دەڵێت، بەرهەمی جووتیاران لە عەلوەکان هەرزانە، بەڵام دووکاندارەکان گرانتر دەیفرۆشن. پەینی کیمیایی دوو هێندە بەرز بووەتەوە بەرزبوونەوەی نرخی پەینی کیمیایی یەکێکی دیکەیە لە گرفتی بەردەم جووتیاران کە لە دوای جەنگی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ داخستنی تەنگەی هورمز بەرزبووەتەوە. کۆسرەت، جووتیارێکی گوندی شیوەڕەشی سنووری باڵەکایەتییە و لە رابردوو هەر کیسێک پەینی کیمیایی بە 20 هەزار دینار دەکڕی، بەڵام ئێستا هەر کیسێک پەینی کیمیایی 50 هەزار دینار و زیاتری لەسەر دەکەوێت. جووتیاران چاویان لە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە تاوەکو لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخدا بڕیاری هاوکاریکردنیان بدات و وەک خۆیان دەڵێن، بەهۆی هاوکارینەکردنەوە ناچارن پەیین بە نرخی بازرگانی بکڕن. عەلوەی سۆران: بازگەکانی عێراق کێشەمان بۆ دروست دەکەن ساڵانە نزیکەی 150 تاوەکو 200 هەزار تۆن خەیار لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، بازاڕی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 100 تاوەکو 120 هەزار تۆن خەیارە. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵانە نزیکەی 40 تاوەکو 70 هەزار تۆن خەیار بۆ بازاڕی شارەکانی دیکەی عێراق دەنێرن. کەوکەز سادق، نوێنەری عەلوەی سۆران داوا دەکات، بازاڕێکی ناوەندی بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی دروست بکرێت، چونکە کێشە بۆ ناردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ شارەکانی دیکەی عێراق دروست دەکرێت. کەوکەز سادق لەبارەی ناردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی عێراق رایگەیاند، بەربەستی زۆر هەن لەبەردەم گەیشتنی بەرهەمەکانمان بە عێراق و حەشدی شەعبی لە بازگەکان گرفت بۆ بەرهەمەکانی ناوچەکە دروست دەکەن. هەڵگورد شێخ نەجیب: لە دوای ئەم بەرنامەیە لەگەڵ جووتیاران کۆدەبینەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە وەڵامی نیگەرانی و داواکاریی جووتیارانی سنوورەکەی بەڵێنی دا کار بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران بکەن و رایگەیاند، دەبێت کار بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی زیادەی خۆماڵی بکەن. بەرهەمی خەیاری خۆماڵی لە مانگی نیسان تاوەکو تشرینی دووەم دەنێردرێتە بازاڕەکان، لە تشرینی دووەم تاوەکو نیسان خەیار لە وڵاتانی دراوسێ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە پێویستی دەزانێت، هاوسەنگی لەنێوان هەناردە و هاوردەکردنی بەروبووم هەبێت و گوتی: "کاری جدییمان بۆ بەبازاڕکردنی بەروبوومی خۆماڵی کردووە و پێویستە بازاڕی جیاواز بدۆزینەوە." کێشەی ساردخانە لە عەلوەی سۆران یەکێکە لە گرفتی سەرەکیی جووتیاران و بازرگانان کە 16 ساڵە تەواو بووە، بەڵام بەگەڕنەخراوە. دروستکردنی ساردخانەی گونجاو بۆ بەرهەمەکانیان یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی جووتیارانی سنووری سۆران و باڵەکایەتی تاوەکو بەرهەمەکانیان لە دوای هەڵگرتنەوەی لە تێکچوون بپارێزن. هەڵگورد شێخ نەجیب داوای لە وەبەرهێنەران کرد، ساردخانە لە سنووری سۆران دروست بکەن و بەڵێنیدا ئاسانکاری بۆ هەر کەسێک بکەن کە بیەوێت ساردخانە بکاتەوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گوێگرتن لە داواکارییەکان، بەڵێنی دا لە دوای بوولتەنی ئابووریی رووداو لەگەڵ جووتیارانی سنوورەکە کۆبێتەوە. کشتوکاڵی سۆران: دەبێت ناوێکی یەکگرتوو بۆ بەرهەمی خۆماڵی دابنرێت کامەران حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران رایگەیاند: "ناوچەکەمان دەوڵەمەندترین ناوچەی کشتوکاڵی و سەبەتەی خۆراکە لە عێراق؛ بۆیە دەبێت لە داهاتوو کار بۆ براندکردنی بکرێت." کامەران حوسێن باسی لەوەشکرد، بۆ ناسینەوەی بەرهەمی خۆماڵی دەبێت ناوێکی یەکگرتوو بۆ بەرهەمی خۆماڵی دابنرێت و هاونیشتمانییان بەو ناوە بەرهەمەکان بناسنەوە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵدا هەنگاوی گرنگی ناوە، بەڵام زۆر گرنگە حکومەت وەبەرهێنان لە کشتوکاڵی زیاد بکات. بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە تیم مارت: رێکارەکان بۆ کڕینی بەرهەمی خۆماڵی دەستپێدەکەین رووداو لەگەڵ جووتیارانی باڵەکایەتی داوای لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ هاوکاریکردنی جووتیاران، کار بۆ ساخکردنەوە و فرۆشتنی زیاتری بەرهەمی جووتیاران بکەن. د. محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە (تیم مارت) لە کاتی رووماڵێکی راستەوخۆدا پەیوەندی بە رووداوەوە کرد و رایگەیاند: "183 لقی تیم مارتمان لە عێراق هەیە و ئامادەین بۆ کڕین و فرۆشتنی بەرهەمەکانی باڵەکایەتی." باسی لەوەشكرد: "ئێمە ئامادەین هەموو جۆرە بەرهەمێکی خۆماڵی بفرۆشین و هەر ئەمڕۆ رێکارەکان بۆ کڕینی بەرهەمی نوێی خۆماڵی دەستپێدەکەین."