رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) دەڵێ، دیارینەکردنی پێگە و رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە (یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی) گەورەترین کەموکوڕیی پرۆسەکەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکان، دەبێت ئۆجەلان بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکەدا بکات.
مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ پەسندکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا کرد.
لەبارەی کەموکوڕییەکانی یاساکە لە 10ی ئابی 2026 پەسند کرا، قەرەسو رەخنەی لەوە گرت کە یاساکە ئاماژەی بە پێگە و رۆڵی سەرەکیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکردووە، لە کاتێکدا ئەو ناوەندی سەرەکیی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیەیە.
قەرەسو گوتی، گەریلا و کادیرانی پەکەکە بەبێ رێنمایی و هەڵوێستی راستەوخۆی ئۆجەلان هیچ رەفتار و هەنگاوێکی تاکەکەسی نانێن و گوتی:"بێ بەشداریکردنی راستەوخۆ و فەرمیی ئۆجەلان، ئەم یاسایە کارا نابێت."
ئەندامەکەی کۆنسەی بەرێوەبەرایەتی کەجەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە یاساکەدا چەمکی "کێشەی کورد" و هەنگاوەکانی بەدیموکراسیکردن فەرامۆش کراون و پرۆسەکە تەنیا لە چەکداناندا کورت کراوەتەوە.
قەرەسو رەخنەی تووندی لە زمانی یاساکە گرتووە بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەکانی وەک "تیرۆر" و "تیرۆریست" و گوتی: "لەگەڵ رۆحی ئاشتی و زەوینەی دیالۆگ ناگونجێت."
سەبارەت بە ستراتیژی نوێ لە قۆناخی داهاتوو، قەرەسو رایگەیاند، بە فەرمیی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و چوونە نێو قۆناخی "خەباتی دیموکراتی-سیاسی" راگەیێندراوە و ئامانجی سەرەکی لە قۆناخی داهاتوودا گەیشتنە بە "کۆماری دیموکراسی" لە رێگەی رێکخستنی "کۆمەڵگەی دیموکراسی" و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا.
قەرەسو ئاماژەی بەوە کرد کە وێرای رەخنە و تێبینییەکان لەسەر یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، ئەو یاسایە ئاماژەیەکی گرنگە کە پرۆسەکە هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێت.
یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە لەژێر ناوی (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە لە 12 مادە پێکهاتووە، رۆژی دووشەممە بەکۆی 467 دەنگی "بەڵێ" لە پەرلەمانی تورکیا پەسند کرا.
دوای پشتراستکردنەوەی چەکدانان و هەڵوەشانەوەی تەواوتی پەکەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی، یاساکە جێبەجێ دەکرێ.




