رووداو - هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەڵامی بانگەشەی رۆژنامەڤانێکی عێراقی لەسەر پرسی سیمکارتی تۆمارنەکراو دەداتەوە و دەڵێت، پێچەوانەی بانگەشەکان، سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە قاچاخ دێتە هەرێمی کوردستان؛ جەختیش دەکاتەوە لە سزادانی تووندی سەرپێچیکاران.
دوای ئەوەی رۆژنامەڤانێکی عێراقی بە ناوی (فائق عیقابی) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک پەیامێکی ئاراستەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو و، تێیدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت و بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی یاسایی بۆ هاونیشتمانییان؛ وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەی دا.
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندیی پێوەکردووە و بەرچاوڕوونیی پێداوە بابەتەکە بەتەواوی پێچەوانەیە، چونکە بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندی و گەیاندن هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم پرسەی داوە و هەنگاوی کرداریی گرنگ گیراونەتە بەر.
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش کردووە، بەپێی رێنمایی ژمارە (8)ی ساڵی 2021ی وەزارەتەکەیان، هەر کەسێک یان دووکاندارێک سیمکارتی تۆمارنەکراو بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە بە بڕی 3 ملیۆن دیناری عێراقی. ئاشکراشی کردووە لە هەڵمەتەکانی دواییدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراودا گرتووە و رێکاری زۆر تووند بەرامبەر ئەو کەس و خاوەن دووکانانە گیراوەتە بەر کە سەرپێچیی رێنماییەکان دەکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری سەرجەم دووکاندار، کاسبکاران و فرۆشیارانی مۆبایل دەکاتەوە خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردن بە سیمکارتی تۆمارنەکراو و بێخاوەن، بە پێچەوانەوە، بەرپرسیار دەبن و تووشی تووندترین سزای یاسایی و لێپێچینەوە دەبنەوە.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە: "سیمکارت دەبێت تەنیا لەلایەن بریکارە فەرمییەکان و دوای تۆمارکردن و بەناوکردن بفرۆشرێت."
لە کۆتاییدا، وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری هاونیشتمانییان دەکاتەوە سیمکارتی تۆمارکراو بە ناوی خۆیان نەفرۆشنە هیچ کەسێک، بێ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی خاوەندارێتییەکەی بگوازنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

