رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت نوێکراوەتەوە و نوێکردنەوەکەش بۆ ساڵێکە.
رۆژی چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان نوێکراوەتەوە.
رۆژی 1ـی ئابی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا رێککەوتنێکی نوێیان بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییاوە بۆ یەک ساڵ واژۆکرد. بەپێی رێککەوتنەکە، ئاستی هەناردە دەگاتە 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، رێککەوتنە سێقۆڵییەکە بەپێی ماوەی رێککەوتنەکەی تورکیا درێژکراوەتەوە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت: "رێککەوتنە سێقۆڵییەکە نزیکەی 20 رۆژ لەمەوپێش لە هەولێر نوێکرایەوە کە رەوانەی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە بۆ ئەوەی بە فەرمی پەسند بکرێ و کارا بکرێ.
وەک ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێدەکات: "ئەم گرێبەستە بۆ رێکخستنی شێوازی کارکردن و پڕۆتۆکۆڵێکی کارگێڕییە لە نێوان هەولێر و بەغدا تاوەکو پڕۆسەی گواستنەوە و هەناردەی نەوت بە یاسایی رێکبخاتەوە."
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان وردە وردە دەستیان کردووەتەوە بە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان، دوای ئەوەی بەهۆی دۆخی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە کارەکانیان راگرتبوو.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، دوای بڕیارێکی ئاداری 2023ی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس وەستا. دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، رۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.



