رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، درۆنێک لە گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە خوارەوە و زیانی بە چەند خانوویەکی هاووڵاتییان گەیاند، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە.
رووداوەکە کاژێر 06:00 لە گەڕەکی مەعمەل قیڕی سۆران روویدا، کە هیچ بنکەیەکی سەربازی و ئەمنی لە نزیک نییە. تۆفیق ئەحمەد، یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی زیان بە خانووەکەی گەیشتووە، بە رووداوی گوت: "کاژێر 6ـی بەیانی بوو، من نەخەوتبووم، بەڵام خێزان و منداڵەکانم خەوتبوون، هەموومان بەهۆی بەهێزیی دەنگەکە لە خەو بەئاگاهاتین. هاتینە سەربان، بینیمان دیوار و شت رووخاوە، بەڵام نەمانزانی درۆنە. دواتر دراوسێکانمان هاتن و گوتیان ئەوە پارچەی درۆنە لێرە کەوتوون."
پارچەکانی درۆنەکە هیچ نیشانەیەکیان پێوە نییە و جیاوازن لەوانەی پێشتر لە ناوچەکە بینراون. زیانە ماددییەکان بریتین لە درزکردنی دیوار و شکانی دەرگا و پەنجەرەی خانووەکان.
هاونیشتمانییەکی دیکەی گەڕەکەکە گوتی: "سوپاس بۆ خوا کەس هیچی لێ نەهاتووە، زیانی گیانی نەبووە و ماددیش هیچ کێشە نییە و پڕ دەبێتەوە. دوژمنانی کورد با ئەوە بزانن بە درۆن و مووشەک ناترسین و کۆڵنادەین."
کەوتنەخوارەوەی ئەم درۆنە هاوکات بوو لەگەڵ کەوتنی سێ درۆنی دیکە؛ دووانیان لە سنووری قەزای خەلیفان و یەکێکیان لە چیای بەنی هەریر کەوتنە خوارەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی رابردوودا هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 966 مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسی دیکەش بریندار بوون.


