رووداو دیجیتاڵ
پێش نیوەڕی ئەمڕۆ چوارشەمە لە گوندێکی سنووری قەزای خانەقین، بەهۆی شەڕ و گرژیی نێوان دوو خێزانەوە، دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
د. شوان شاکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە، لە گوندی (مەعدانەکان)ی رۆژئاوای خانەقین، شەڕو ئاڵۆزی لە نێوان دوو خێزاندا دروستبووە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین، ئەو هاووڵاتییانە بە رەگەز عەرەبن و ئەو کەسانەی کوژراون پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ و کچێکی تەمەن 15 ساڵانن.
تەرمی کوژراوەکان رەوانەی دادپزیشکی کراوە. بە گوتەی د. شوان شاکر، بریندارەکەش لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە، هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە.



