رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی سلێمانی، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا فرۆشی ئۆتۆمبێلە چینییەکان بە رێژەی 623% زیادیکردووە، بەجۆرێک ئێستا لە بەرامبەر فرۆشتنی هەر ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا، پێنج ئۆتۆمبێلی چینی دەفرۆشرێن.
لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی، خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە چینییەکان لە لووتکەدایە.
کاروان عەلی، بازرگانی ئۆتۆمبێل، دەڵێت: "خواستێکی زۆر لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی هەیە، چونکە باش و کوالێتییان بەرزە. رۆژانە نزیکەی 15 ئۆتۆمبێل دەفرۆشم."
توێژینەوەیەکی زانکۆی سلێمانی کە تایبەتە بە خواستی کڕیاران لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئاشکرای دەکات کە لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 تەنیا 2030 ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کرابوون، بەڵام لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو 2025، ئەو ژمارەیە بۆ 16,121 ئۆتۆمبێل بەرزبووەتەوە.
بنار هیوا، مامۆستای زانکۆ و یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە، هۆکاری ئەو خواستە زۆرە بۆ رووداو دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "تایبەتمەندیی زۆر و نرخی هەرزان وایکردووە خواستێکی زۆری لەسەر بێت."
زیاترین خواستی کڕیاران لەسەر براندەکانی MG و BYDـیە. بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گواستنەوە لە رێگەی دەریاوە، تێچووی گواستنەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک لە 3 هەزار دۆلارەوە بۆ 9 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەمەش وایکردووە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، نرخی ئۆتۆمبێلێکی جۆری BYD نزیکەی 2000 بۆ 2500 دۆلار گران بێت.


