رووداو دیجیتاڵ
بڵێسەی ئاگرێکی بەتین لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی بەجۆرێک بەرزبووەوە، کە گڕی ئاگرەکە لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان و شارەزووریشەوە بینرا. بەهۆی رووداوەکەوە 41 کەس بریندار بوون و دوای 7 کاژێر هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.
ئاگرەکە لە کۆگایەک کەوتەوە کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین و گازی تێدابوو. بەهۆیەوە کارگەیەکی قیر و چەندین کۆگای دیکەی نزیک لە شوێنی رووداوەکە سووتان.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، 41 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون، کە شەشیان کارمەندی بەرگریی شارستانین. یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکەی و سووتانی زیاتر لە 90٪ی جەستەی، باری تەندروستیی ناجێگیرە.
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، گوتی: "هۆکاری ئەو زیاتر لە هەشت تەقینەوە گەورەیەی روویاندا، بوونی تانکیی 100.000 لیتری بوو لەنێو کۆگاکەدا."
محێدین رەسووڵ، برای یەکێک لە بریندارەکان، چیرۆکی سەرەتای ئاگرەکەی گێڕایەوە و گوتی: "براکەم پێیگوتم، سەتڵێکم بەدەستەوە بوو و گڕی گرت، منیان کوژاندەوە، بەڵام ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو."
سەرەڕای سووتانی ئەو بڕە زۆرەی سووتەمەنی، جێگری پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی دەدات کە رووداوەکە کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا نابێت.


