رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان سلێمانی و کەرکووک، لە شاری سلێمانی دەست بەسەر بڕێک "قارچکی سیحری" و ماریوانادا گیراوە و بازرگانێکیش دەستگیرکراوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتییەکە دەڵێ:" یەکەمین جارە، مادەی "ماجیک مەشڕووم" (قارچکی سیحری) دەستی بەسەردا بگیرێت".
عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و لە پرۆسەیەکی هاوبەشدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی کەرکووک توانیویانە بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن.
بە گوتەی عەمید عەباس بەهادلی، لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە لەنێو شاری سلێمانی کراوە ، دەست بەسەر یەک کیلۆگرام لە مادەی "ماجیک مەشڕووم" (قارچکی سیحری) و دوو کیلۆگرام لە مادەی هۆشبەری "ماریوانا"دا گیراوە. هەروەها گوتیشی:" یەکەمین جارە، مادەی "ماجیک مەشڕووم" (قارچکی سیحری) دەستی بەسەردا بگیرێت".
ماجیک مەشروم ، ناسراو بە قارچکی سیحری، جۆرێکی سروشتیی قارچکە کە ماددەی کیمیایی "سیلۆسایبین" ی تێدایە. ئەم ماددەیە وەک هۆشبەرێکی وەهمهێنەر پۆلێندەکرێت.
کاریگەری لەسەر مێشک: کاتێک ئەم قارچکە دەخورێت، مادەی سیلۆسایبین کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر کۆئەندامی دەمار دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەر تووشی (خەیاڵ بینی (ببێت؛ واتە شتانێک دەبینێت یان دەبیستێت کە لە راستیدا بوونیان نییە و تێگەیشتنی بۆ کات و شوێن تێکدەچێت.
شێوە و بەکارهێنان: ئەم قارچکە بە شێوەی وشککراوە یان تەڕ بەکاردەهێنرێت. هەندێک جار دەکرێتە ناو خواردنەوە یان چا، یانیش وەک پاودەر (تۆز) بەکاردەهێنرێت. هەرچەندە شێوەی لە قارچکی ئاسایی دەچێت، بەڵام کاریگەرییەکانی مەترسیدارن.
مەترسییە تەندروستییەکانی بریتین لە: تێکچوونی دەروونی، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی تووند، ترس و گومانی بەردەوام . کاریگەریی جەستەیی، هێڵنجدان، رشانەوە، خێرا لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە. مەترسیی ژەهراویبوون، زۆرێک لەو قارچکانەی لە سروشتدا هەن و لە ماجیک مەشروم دەچن، ژەهرێکی کوشندەیان تێدایە و جیاکردنەوەیان قورسە، کە زۆرجار دەبێتە هۆی مردن.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم ماددەیە وەک مادەیەکی هۆشبەری نایاسایی و قەدەخەکراو پۆلێندەکرێت. بازرگانیکردن پێی یان بەکارهێنانی، سزای توندی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق جەختی کردەوە کە تەواوی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵدان و گوتی: "هیچ پەناگەیەکی ئارامیان نابێت، هەرچەند هەوڵ بدەن لەژێر ناوی نامۆ و شێوازی نوێدا ماددەکانیان بشارنەوە. گۆڕینی ناو و داهێنانی رێگەی نوێ بۆ ساخکردنەوەی ژەهرەکانیان، نایانپارێزێت لە دەستی هێزە ئەمنییەکان."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەمساڵ دەستیان بەسەر 2 تۆن و 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا داگرتوە.
هەر بەپێی ئامارەکە 4 هەزار و 644 کەس ە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر سزادراون، کە 69 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 267 کەسیش سزای زیندانیی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکە، لە ساڵی 2026دا 304 تۆڕی نێوخۆیی و 54 تۆڕی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها 21 ئۆپەراسیۆنی دەرەکی کراون و 43 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا 32 جار رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان هێزەکانیان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر روویداوە؛ لە ئەنجامدا کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 31ـی دیکە بریندار بوون؛ هەروەها 3 بازرگانی مادەی هۆشبەر کوژراون و 23ـی دیکەش بریندار بوون.

