رووداو دیجیتاڵ
د. عەدنان سەلجوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد لە یەکەم هەڤپەیڤینی دا دوای ئازادبوونی لە زیندان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە تەندروستیی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکات و دەڵێت، "دەمیرتاش مرۆڤی ئاشتییە و دەتوانێت گرنگترین رۆڵ لە بەکۆمەڵایەتیکردنی پرۆسەی ئاشتی دا بگێڕێت."
مزراکلی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 15:00ـی رووداودا رایگەیاند: "کۆمەڵگە تینووی ئاشتی و گەیشتنە بە ئەنجام، بەڵام کێشەی متمانە هەیە"؛ راشیگەیاند، ئەم متمانەیە تەنیا بە هەنگاونانی کردەیی و کۆنکرێتی دروست دەبێت کە هەمووان هەستی پێبکەن.
هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەم قۆناخە هێندە هەستیارە کاریگەرییەکەی تەنیا لەنێوخۆی تورکیادا قەتیس نابێت، بەڵکو پەیوەستە بە تەواوی جوگرافیای کورد لە دەرەوەی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بۆیە "لە کۆریدۆرەکانی سیاسەت و دیپلۆماسیدا پێویستی بە دڵسۆزی و هیوابەخشین بە داهاتوو هەیە."
سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، کە ماوەیەکی درێژ پێکەوە لە یەک ژووری زیندانی ئەدیرنەدا بوون، مزراکلی دڵنیایی دایە رای گشتی و گوتی: "تەندروستیی زۆر باشە. ئەو کەسێکە لە کاژێر 5:30ـی بەیانییەوە لە وەرزشکردن، خواردن و خەوتنی دا زۆر بە رێکی گرنگی بە خۆی دەدات و لەو رووەوە بەبێ هیچ نیگەرانییەک بەجێمهێشتووە."
مزراکلی دەمیرتاشی وەک "مرۆڤی ئاشتی و یاسا" وەسف کرد و گوتی: "ئەگەر ئاشتییەکی راستەقینە بێتە ئاراوە، دەمیرتاش گرنگترین فیگەرە کە دەتوانێت ئەرکی گەورە لەئەستۆ بگرێت و پرۆسەکە بەکۆمەڵایەتی بکات و خەڵک قایل بکات."
هەروەها هیوای خواست هەرچی زووە دەستبەسەربوونی نایاسایی دەمیرتاش کۆتایی پێبێت و ئاشکراشی کرد کە لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوودا، جارێکی دیکە سەردانی دەکاتەوە لە زیندان.
لەبارەی پلانی داهاتووی خۆی، د. عەدنان سەلجوک مزراکلی ئاشکرای کرد کە دوای تێپەڕاندنی 7 ساڵ و 10 رۆژ لە زیندان، بۆ ماوەی 3 ساڵ قەدەخەی سیاسیی بەسەردا سەپێنراوە و ناتوانێت پۆستی سیاسیی فەرمی وەربگرێت، بەڵام دەڵێت: "من پزیشکی نەشتەرگەریم و پێش هەموو شتێک بەردەوام دەبم لە پیشەکەم و خزمەتی خەڵک."
دەقی چاوپێکەوتنی رووداو لەگەڵ هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد
رووداو: سەرەتا بەخێر بێن، دوای ئازادبوون لە گرتووخانە بە رای ئێوە هیج شتێک گۆڕاوە؟
مزراکلی: دەتوانم بڵێم لەم ماوە کورتەی دوای ئازادکردنمدا، لەوەی چی گۆڕاوە، زیاتر باسی ئەوە بکەم کە بۆ من چی گۆڕاوە. لەوانەیە لە تورکیا هەموو رۆژێک و هەموو خولەکێک شتی زۆر رووبدەن، بەڵام راستییەکەی، لەبەرئەوەی لەنێو یەکێک لە هێڵەکانی ئەواندا نیم یان با بڵێم هێشتا نەبوومەتە بەشێکی روونی ئەو پرۆسەیە، زیاتر باسی ئەو گۆڕانکارییانە دەکەم کە لە خۆمدا روویانداوە. دیارە لەنێو کۆمەڵگەدا، سەرەڕای ئەوەی کە خەڵک خۆیان زۆر دڵفراوانن بۆ پرسیارکردن لە پرۆسەکە و گەیشتنی بە ئەنجام، بەڵام پێموایە لە بابەتی متمانەدا کێشەیەک لە پەرەپێدانی متمانەدا هەیە. ئەوەی ئەو متمانەیەش بەهێز دەکات، بریتییە لە هەنگاونانی جۆری. واتە هەنگاونانێک کە کاریگەریی لەسەر هەمووان هەبێت، هەمووان هەستی پێبکەن و هەمووان پەسندی بکەن. چونکە لە ئەنجامدا، ئەم پرۆسەیە، بەتایبەتی لەو قۆناخەی دوای ئازادکردنی من کە تێبینیم کردووە، هاوتایە لەگەڵ پرۆسەیەکی ئەوەندە هەستیار کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر جوگرافیای بەرفراوانی کورد لە دەرەوەی تورکیا و جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دابنێت و بووەتە رۆژەڤی سەرەکیی مشتومڕی کۆمەڵگە. بۆیە ئەگەر لێرە بەم شێوەیە بێت، مانای وایە لە کۆریدۆرەکانی سیاسەتیشدا هەر بەم شێوەیەیە. واتە لە کۆریدۆرەکانی دیپلۆماسیشدا بە هەمانشێوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. پێموایە هەموو لایەک پێویستیان بە کەمێک باشتربوون هەیە. هەموو لایەک پێویستییان بەوەیە کەمێک زیاتر سبەینێ ببینن و پێویستییان بە هیوا هەیە.
رووداو: ئێوە ماوەیەکی درێژتان لە زینداندا بەسەر برد. ئێستا کە ئازادن، پرۆسەی ئێستای چارەسەری چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ لەم پرۆسەیەدا کام خاڵانە بە ئەرێنی دەبینن و کام خاڵانە نیگەرانتان دەکەن؟
مزراکلی: سەرەتا، بەڕاستی ناکرێت بڵێین زۆر لەو پرۆسانەی چارەسەرکردنی ململانێیانە دەچێت کە لە شوێنەکانی دیکەی جیهان دەیناسین. واتە ئاراستەیەکی نوێ لە ئارادایە کە تایبەتە بە تورکیا و تێیدا کاریگەریی تێڕوانینی باوی ناوەند زیاتر هەستی پێدەکرێت. بەڵام ئێمە کە بە ئیدیعاوە و بە سووربوونەوە بەرگریمان لە ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی کردووە، نموونەیەکی وەهامان دەهێنایەوە؛ دەمانگوت ئەگەر لە شوێنێک هێندەی سەرە دەرزییەک رووناکیتان بینی، ئەگەر رێگەیەکی دەربازبوونتان بۆ ئاشتی بینی، ئەوا شوێن ئەو رێگەیە بکەون کە هێندەی سەرە دەرزییەکە. ئێستاش ئێمە، هەر وەک ئەو برموویلکانەی بە دەوری رووناکیدا دەسووڕێنەوە، لە بابەتی متمانەکردن و متمانەنەکردن زیاتر، پێویستە ئەم پرۆسەیە بە دڵنیاییەوە بگاتە ئامانجی خۆی. پێموایە پێویستە لەم پرۆسەیەدا نزیکبوونەوەیەک باڵادەست بێت کە دڵسۆزانە، راستەقینە و گۆڕانکاریکەر بێت، بۆ هەمووان باش بێت، داهاتووی تورکیا بەرەو ژینگەیەکی رووناکتر، بەختەوەرتر، شکۆمەندانەتر، دیموکراتی، ئازادیخوازانە و لەسەر بنەمای یاسا ببات، هەروەها بتوانێت کێشە ئاڵۆزەکانی رابردوو لەسەر بنەمایەکی یەکسانیخوازانە بگەیێنێتە چارەسەر. بەڵێ، رەنگە هەندێکجار کێشە و ئاستەنگی بچووک بێنە پێشەوە. پێموایە نیازی لایەنەکانیش لەم بارەیەوە و بەتایبەتی سووربوونیان، هەر بۆ لابردنی ئەم ئاستەنگیانەیە. پێویستە نزیکبوونەوەیان لە بەرامبەرەکەیان وەک ئەو نزیکبوونەوەیە بێت کە چاوەڕێی دەکەن بۆ خۆیان، واتە دڵسۆزانە بێت و لە روانگەیەکەوە بێت کە بەرژەوەندیی هاوبەش و بەختەوەریی هاوبەشی هەمووان بەدی بهێنێت.
رووداو: لە رۆژانی دواییدا زۆر کەس ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لەوانەی پێشوو جیاوازترە. بەڕای ئێوە، ئەمجارە چ جیاوازییەک هەیە؟
مزراکلی: ئێستا بەم شێوەیە، لە پرۆسەی چارەسەریی رابردوودا، هەوڵی لایەنەکان بۆ روونکردنەوەی پەرەسەندنەکانی پرۆسەکە بۆ رای گشتی یان گێڕانەوەی پرۆسەکە کەمێک بەهێزتر بوو. چونکە وەک هەمووان دەزانن، لە سرووشتی خۆیدا پرۆسەکانی چارەسەریدا، جاروبار ئەو توخمانە هەبوون کە ئێمە پێیان دەڵێین چاوی سێیەم، کە هاوسەنگی رادەگرن، هەم میانگیری دەکەن، هەم ناوبژیوانی و هەمیش چاودێری دەکەن. بەڵام لەم پرۆسەیەدا، مەبەستم ئەوە نییە بڵێم لە رابردوودا هەبووە و ئەمڕۆ نییە. بۆ ئەوەی لەم پرۆسەیەشدا دۆخێکی لەو شێوەیە لەلایەن کۆمەڵگەوە ببێتە جێگەی تێگەیشتن و پەسندکردن، بەتایبەتی ئەگەر پێویستیمان بە چاوی سێیەم نەبێت، لە کاتێکدا پێویستە کۆمەڵێک پێشهات و داتا هەبن کە رای گشتی روون بکەنەوە، ئاسۆی فراوان بکەن و کاتێک وەک پڕۆجێکشنێک رووناکی دەخرێتە سەر، بتوانێت هەست بەوە بکات و پێشبینی بکات کە لە داهاتوودا چی روودەدات، دەبینین ئەمانە کەموکورتییان هەیە. ئێستا ئەگەر بە شێوەیەکی پێویست کۆمەڵگە نەخەنە نێو ئەم پرۆسەیەوە و تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەت یان ئەکتەرە دیاریکراوەکاندا بیهێڵنەوە و هەوڵ بدەن پرۆسەیەکی لەو شێوەیە لەسەر بنەمای دزەنەکردنی زانیاری بۆ دەرەوە بنیاد بنێن، بێگومان شیکارییەکی زۆر لەسەر ئەمە دەکرێت. بەڵام 90%ی ئەو شیکارییانە لەو خاڵەوە دەبن کە خۆتی لێی وەستاویت، واتە لە گۆشەنیگای خۆتەوە دەبێت. ئەمەش هەڵە دەبێت و بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە دەبات. بۆ ئەوەی بە دروستی بەدواداچوونی بۆ بکرێت، بە دروستی چاودێری بکرێت و بە دروستی دەرببڕدرێت، من ئاماژە بەوە دەکەم کە پێویستە پرۆسەکە شەفاف بکرێتەوە و بەنرخە کە لایەنەکان نیازی خۆیان بۆ داهاتوو و نەخشەڕێگاکەیان پێشکێش بکەن، بە شێوەیەک کە لانیکەم لەگەڵ قبووڵکردنی بەشێک لە نهێنییەکاندا، روونتر و تێگەیشتووتر بێت.
رووداو: با پرسیارێک لەسەر هاورێی گرتووخانەی ئیوە، سەلاحەدین دەمیرتاش بکەم، بارودۆخی چۆنە؟
مزراکلی: تەندروستیی زۆر باشە. واتە من وەک پزیشکێک زۆر گرنگیم پێدەدا. بەڵام ئەویش، واتە ئەگەر منیش نەبم، کەسێکە هەم گرنگی بە خۆی دەدات، واتە لە رووی تەندروستییەوە زۆر گرنگی پێدەدات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، واتە لە خواردنەوە تاوەکو وەرزشکردنی، هەوڵێکی بەردەوامی هەیە کە بە شێوەیەکی رێکخراو چالاکی و تەندروستیی خۆی بپارێزێت. ئەمە لە کاژێر 5:30ـی بەیانییەوە دەستپێدەکات. با بڵێین تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بە پچڕپچڕی لە وەرزشکردنەکەی، گرنگیدان بە خواردنەکەی، وردی لە خەوتنەکەیدا، تاوەکو خەوێکی تەندروست، بەڕاستی تەندروستیی باشە و خۆیشی باشە. لەو رووەوە، کاتێک رۆیشت، بەبێ ئەوەی هیچ نیگەرانییەک بەجێبهێڵێت رۆیشت.
رووداو: ئایا بۆ ئەم پرۆسەیە هیچ رایەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش وەرگیراوە؟ ئەو سەبارەت بە پرۆسەکە چی بیردەکاتەوە و هیچ تێبینییەکی لەسەری هەیە؟
مزراکلی: راستەوخۆ من وەڵامدەرەوەی ئەم پرسیارەی ئێوە نیم. واتە، کاتێک ئێوە رووبەڕوو لەگەڵ دەمیرتاش دادەنیشن، هەروەک چۆن ئێستا لەگەڵ من دانیشتوون، پێموایە سەلاحەدین دەمیرتاش، بە جوانترین شێوە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە. بەڵام من پێموایە؛ سەلاحەدین دەمیرتاش، مرۆڤێکی ئاشتیخواز و چارەسەریخوازە. کەسایەتییەکە هەمیشە باوەڕی بە دیموکراسی، سەروەریی یاسا، دادپەروەری، یەکسانی و بەکارهێنانی ماف و ئازادییەکان هەبووە و بۆ جێبەجێکردنی ئەمەش خەباتی سیاسیی کردووە. لەبەر ئەوە ئەگەر باسی سەلاحەدین دەمیرتاش بکەن، من پێتان دەڵێم مرۆڤی ئاشتییە. پێتان دەڵێم مرۆڤی یاسایە. هەوڵەکانیشی بۆ ئەوەیە کە هەرچی پێویست بێت یەک بە یەک بیکات بۆ ئەوەی ئاشتی لەم وڵاتەدا بچەسپێت. بەڵام ئەوەش زۆر باش دەزانین کە ئەگەر ئاشتییەکی راستەقینە و دڵسۆزانە لەم وڵاتەدا بێتە ئاراوە؛ ئەوا چ لە پرۆسە سیاسییەکانی بەدیهێنانی ئەو ئاشتییەدا و چ لە قایلکردن و بەکۆمەڵایەتیکردنی ئەم پرسەدا، پێویستە وەک گرنگترین فیگەر وەسفی بکەین کە دەتوانێت ئەرکی گرنگ لە ئەستۆ بگرێت، بەرپرسیارێتیی گرنگ هەڵبگرێت و کۆمەڵگە بە راستەقینەبوونی ئەم پرسە قایل بکات. هیوادارم لە نزیکترین کاتدا ئەم پرۆسەیەی بەشێوەیەکی نایاسایی لە زینداندا هێشتنەوەی، کە وەک دیلکردن وایە، کۆتایی پێبێت و لە دەرەوە بۆچوونەکانی خۆی دەرببڕێت و لە بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی و چارەسەریی سیاسیشدا بەها و بەشداریی گرنگی دەبێت.
رووداو: نیگەرانییەکانی دەمیرتاش چی بوون، کاتێک بە یەکەوە گفتوگۆتان دەکرد هێچ تێبینییەکی لەسەر پرۆسەکە هەبوو؟
مزراکلی: هەمان قسەی سەرەتای پرسیارەکەت دووبارە دەکەمەوە. ئەمانە ئەو بابەتانەن کە دەبێت سەلاحەدین دەمیرتاش، خۆی وەڵامیان بداتەوە. بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی بۆچوونی خۆمدا دەتوانم ئەمە بڵێم...ئەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش یان کەسانی وەک ئێمە دەڵێن "خۆزگە"، ئەوەیە کە خۆزگە 25 ساڵ لەمەوبەر ئەم پرسەمان چارەسەر بکردایە. خۆزگە 40 ساڵ لەمەوبەر ئەم کێشەیەمان چارەسەر بکردایە. خۆزگە لە پرۆسەی 2015دا بە ئەنجاممان بگەیاندایە.
واتە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رێگە بۆ پێکدادان خۆش نەکرێت و تووندوتیژی نەگاتەوە لووتکە، ئەو رۆژەش لە هەوڵدا بووین. بەڵام ئەگەر بمانەوێت وشەی "خۆزگە" بەکاربهێنین، هەموومان لەسەر ئەوە دەڵێین کە خۆزگە ئەو هەوڵانە وەڵامیان هەبووایە. بەڵام لێرەدا دەبێت بەمشێوەیە رەفتار بکەین؛ ئەمجارە نابێت هەرگیز بڵێین "خۆزگە". ئەگەر ئەمجارە بڵێین "خۆزگە"، واتە هەندێک شتی کەم، ناتەواو یان هەڵە هەن. تکایە با ئەمجارە هەرگیز نەڵێین "خۆزگە".
رووداو: ئایا بەنیازن لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی دەمیرتاش بکەن؟
مزراکلی: بێگومان، بێگومان. واتە من ئێستا دوای تەواوکردنی ئەم بەرنامە چڕانە لێرە، وەک دوو مرۆڤ کە ماوەیەکی زۆرە پێکەوەن، بێگومان هەست بە بەیەک گەیشتنەوە دەکەین. بۆیە دەبێت بڕۆم. واتە ئەمە هاوڕێیەتییەکی رێگای زۆر بەنرخە، هاوبەشییەکی دڵی بەنرخە کە ناکرێت لە چوارچێوەی لەبیرکردن و لەبیرچوونەوەدا بیری لێبکرێتەوە. بۆیە بێگومان بیر لەوە دەکەمەوە. واتە کاتێک ئەم بەرنامە چڕوپڕە تەواو دەبێت، رەنگە کۆتایی ئەم مانگە بێت یان سەرەتای مانگی داهاتوو بێت. با ئەوەت پێبڵێم، بێگومان بەرنامەیەکی لەو شێوەیەمان دەبێت.
رووداو: ئەو ماوەیە کە ئێوە لەوێ بوون، هیچ پەیامێک و نامەگۆڕینەوەیەک لە نێوان دەمیرتاش و ئۆجەلاندا هەبووە؟
مزراکلی: واتە ئێستا جارێکی دیکە باس لە هەندێک بابەتی تایبەت و نهێنیی کەسی دەکەین. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەنە نووسینەکانی، وەک لەوێشدا ئاماژەی پێکردووە، زۆر پەیام و نامەی هەبووە کە راستەوخۆ رووی قسەی لە فراوانترین توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە و لە کاتی خۆیدا رێگەخۆشکەر بوون. بەڵام لە دەسەڵاتی مندا نییە راستەوخۆ بڵێم نامەی بۆ فڵانە کەس نووسیوە یان لە فڵانە کەسەوە نامەی بۆ هاتووە. پێموایە راستترین شت ئەوەیە دەمیرتاش خۆی وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە، ئەمە تاکە هەڵوێستە کە رێگە لە هیچ هەڵە و کەمکوڕییەک ناگرێت.
رووداو: ئێوە پیشتر وەکو سەرۆکی شارەوانی کارتان کردووە لە پرۆسەی نوێ دا رۆڵی شارەوانییەکان چۆن دەبینن ئایا ئەوان دەتوانن ببنە بەشێک لە پرۆسەکە؟
مزراکلی: ئێستا بەپێی ئەوەی کە دەیزانم و خوێندوومەتەوە، من کەسێکم کە ماوەی 5-6 رۆژە لە دەرەوەم. واتە زیاتر لەوەی رۆڵێکی تایبەت بۆ ئیدارە خۆجێیەکان و ئەو کەسانە دیاری بکرێت کە لە پۆستی سەرۆکایەتیدان. لە هەر شارێکدا، هاوسەرۆکەکان کە پێگەیەکی گرنگیان هەیە لە ئاستی ئیدارەی خۆجێی، بێگومان دەتوانن لە بنیاتنانی ئاشتیدا، چ بە شێوەی تاکەکەسی و چ وەک سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی لە شارەکانیاندا، خاوەنی چەندین پێشنیازی کاریگەر بن بۆ ئاشتی، یان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، نەک تەنیا لە جوگرافیای خۆیاندا، بەڵکو لەگەڵ ئیدارە خۆجێیەکانی جوگرافیاکانی دیکەشدا مۆدێلی نوێ دابمەزرێنن و پردی پەیوەندی دروست بکەن. واتە سەبارەت بە ئاشتی، پێموایە هێندەی ئیدارە خۆجێیەکانی ئێمە لێرە قسە و بانگەواز و داوای بەشداریکردنیان بۆ خەڵکی ئێرە هەیە، یان هێندەی هەوڵیان هەیە بۆ بەخشینی متمانە پێیان، ئەوەندەش پێویستە شارەوانییەکانی ئێرە زیاتر لەگەڵ شارەوانییەکانی رۆژئاوا، باکوور و باشوور، واتە شارەوانییەکانی تورکیا لە دەریای رەشەوە تاوەکو دەریای سپی، ئێگە و تراکیا، ئەو پردانە دروست بکەن و پێشبینی دەکەم کە لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئاشتیدا هەوڵیان هەبێت.
رووداو: دوایین پرسیارم لەبارەی ئێوەیە، ئایا هیچ ئەرک و کارێکی تایبەت بە ئێوە راسپێردراوە کە ئێوە لە ئەستۆی بگرن؟
پێش هەموو شتێک من پزیشکم، پزیشکی نەشتەرگەریم. ئێستا لێرە لە باڵەخانەی پارتەکەمان کۆبوونەوەیەک هەیە. بەپێی خەمڵاندنی من، لە هەر پێنج کەس کە دێن، یەکێکیان پێمدەڵێت کە یان نەشتەرگەریم بۆ خۆی کردووە، یان بۆ منداڵەکەی، یان بۆ دایک و باوکی. واتە من لەگەڵ ئەم شارە و خەڵکی ئەم شارەدا تێکەڵ بووم و هەوڵمداوە دەرمانی دەردەکانیان بم، بەڵام ئەوانیش بوونە دەرمانی دەردەکانی من. واتە پەیوەندییەکی دوولایەنە و تەواوکەر و بەهێزکەرمان هەبووە. من بەردەوام دەبم لە پزیشکییەکەم. دووەم شت، با ئەم زانیارییەت پێبدەم. من تەنیا 7 ساڵ و 10 رۆژ لە زیندان نەبووم، بەڵکو سزای بێبەشکردن لە مافە گشتییەکانیشم بەسەردا سەپێندرا. واتە پێموایە ئەمە دەکاتە 3 ساڵ قەدەخەی سیاسی لەسەر من هەیە. هەر بۆیە وەرگرتنی پۆستی سیاسیی چالاک لەلایەن منەوە ئەستەمە. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، وەک مرۆڤێک بەرپرسیارێتیی مرۆڤانەم هەیە، وەک کەسێکی ئاشتیخواز بەرپرسیارێتییم هەیە و وەک پزیشکێکیش بەرپرسیارێتییەکم لەسەر شانە. واتە نەک تەنیا بۆ ئەم شارە، نەک تەنیا بۆ ئەم جوگرافیایە، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە لە هەموو ئەم چوارچێوەیەدا باشتر بێت، مرۆڤ چی لە توانایدا بێت دەیکات و منیش لەمبارەیەوە تا دوا توانام باشترین کار دەکەم. ئەگەر بەمە بڵێن سیاسەت، ئەوا من بەردەوام دەبم لە کردنی ئەو سیاسەتە.
رووداو: بەرێز دکتور عەدنان سەلجووک مزراکلی زۆر سپاس بۆ ئێوە بەخێربێن
مزراکلی: خۆشحاڵ بووم. منیش شانازیم پێوە کرد. لە رێگەی ئێوەوە سڵاو و رێز و خۆشەویستیی خۆم ئاراستەی بینەرانتان دەکەم. هەروەها وەک نێردراوێک سڵاو و خۆشەویستی و پەرۆشیی سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆک سەڵاحەدین، بە ئێوە و بینەرەکانتان دەگەیێنم. بە تەندروستی و باشی بمێننەوە.زۆر سوپاس. هەزار ساڵ بژین. هەموومان پێکەوە، هەموومان پێکەوە. هەزار ساڵ بژین.
