رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات بارانبارین زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا بگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە نوێترین راپۆرتی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، لە 13ی مانگەوە شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەگرێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێ لە بەرەبەیانی رۆژی 12ـی مانگەوە بارانی پچڕ پچڕ لە هەندێ لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان ببارێ. لە 13ـی مانگیشەوە لە 19 پارێزگای باکووری کوردستان، بارانبارین بۆ چوار رۆژ بەردەوام دەبێ. ئەگەری دروستبوونی لافاویش لە چوار پارێزگا هەیە.
ئیستەنبووڵ یەکێکە لەو پارێزگایانەی تورکیا کە پێشبینی دەکرێ بارانی لێ ببارێ.
وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا دەڵێ، لەگەڵ بارانبارینەکەدا پلەی گەرما چەند پلەیەک دادەبەزێ.



