رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، لە رۆژانی داهاتوودا "هەواڵی دڵخۆشکەر" لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبیسترێ.
سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 12-10-2026 بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت: "ئومێدمان بەو دەستپێشخەرییە ماوە کردوومانە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ. پێمانوایە لەم رۆژانەدا کۆبوونەوەکان دەست پێدەکەنەوە و هەواڵی دڵخۆشکەریش دەبیستین."
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی: "ئاگادارین کۆبوونەوە لەسەر ئاستی بڕیاربەدەستانی پارتی و یەکێتی کراوە و لە رۆژانی داهاتوودا دووبارەش دەبێتەوە. بە ئومێدی ئەوەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەتی نوێ پێکبهێنن."
سەلاحەدین بابەکر ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان پێیان وایە ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روو لەو ئاراستەیەن کە پەرلەمانی کوردستان کارا بێتەوە و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێنن.
لەبارەی پێگەی یەکگرتوو لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکە گوتی: "رژدین لەسەر بڕیاری خۆمان کە دەبینە ئۆپۆزیسیۆن."
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان ئاگاداری هەوڵەکان تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان نین.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، تاوەکو ئێستا جگە لە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان نەکراوە.
.jpg&w=3840&q=75)
