رووداو دیجیتاڵ دوای کردنەوەی بینای نوێی نووسینگەی پاسپۆرتی خانەقین، بەشار عیسا بووە یەکەم هاووڵاتی کە پاسپۆرتەکەی لە شارەکەی خۆیدا نوێکردەوە، لە کاتێکدا پێشتر ناچاربوو بۆ هەمان مەبەست سەردانی قەزای کەلار بکات. هاووڵاتییان ئەم هەنگاوە بە کارئاسانییەکی گەورە دەزانن، بەڵام نیگەرانییان لە بەڕێوەبردنی فەرمانگەکە هەیە. بەشار عیسا، دانیشتووی خانەقین، بە رووداوی گوت، "یەکەمجار ساڵی 2020 لە کەلار پاسپۆرتم دەرکرد، ئێستا لێرە لە نووسینگەی پاسپۆرتی خانەقین نوێمکردەوە و یەکەم کەس بووم." لەلایەکی دیکەوە، نیگەرانیی خەڵکی شارەکە لەسەر ئاستی کارگێڕیی بەردەوامە؛ لە کۆی 15 کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە، تەنیا دوویان کوردن و بەڕێوەبەرەکەشی عەرەبە. سەرەتا زمانی کوردی لەسەر تابلۆی بیناکە نەنووسرابوو، بەڵام دوای بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، زمانی کوردیشی بۆ زیادکرا. هاووڵاتییان داوای کردنەوەی چەندین فەرمانگەی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی ناچار نەبن سەردانی شارەکانی دیکە بکەن. سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "کار لەسەر کردنەوەی سەرجەم ئەو فەرمانگانە دەکەین کە بۆ خانەقین گرنگن. پێشتر نووسینگەی دادنووس کرایەوە و هەفتەی پێشووش رەزامەندیی کردنەوەی فەرمانگەی خانووبەرە و چاودێریی نەوجەوانانمان وەرگرتووە و ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت." سەلام ئەسعەد، دانیشتووی خانەقین، بە رووداوی گوت، "هیوادارین بتوانن مۆڵەتی شۆفێری بهێننە خانەقین بۆ ئەوەی ئەو رێگە دوورە نەبڕین و نەچینە بەعقووبە. چەند فەرمانگەیەکی دیکەش هەن کە پێویستە لێرە بکرێنەوە بۆ خزمەتی حەوزی حەمرین." پایان مەحموود، دانیشتوویەکی دیکەی خانەقینە و دەڵێت، "پێشتر مەگەر بچووینایە بۆ بەعقووبە یان کەلار بۆ ئەوەی پاسپۆرت دەربهێنین، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا لە خانەقین دەکرێت و کارئاسانییەکی باشە بۆ ئێمە." هەرچەندە کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام هاونیشتمانییانی خانەقین هێشتا بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، کاروباری خانەنشینی و پشکنینی دادپزیشکی، بەهۆی نەبوونی چەند فەرمانگەیەکی دیکەوە ناچارن سەردانی پارێزگای دیالە بکەن.