رووداو - هەولێر
سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێ.
رۆژی سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێ کە لەسەر داهاتی نێوخۆییە".
شایستە داراییەکانی ئەو بەشەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان کە ناویان لە لیستی مووچەی حکومەتی فیدراڵی نییە، لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێ و مانگانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دابەش دەکرێت.
رۆژی 8-10-2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و هەر ئەو رۆژەش خشتەی دابەشکردنی مووچە راگەیێندرا.
بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی، 11-10-2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کرا و بڕیارە دابەشکردنەکە تاوەکو 14ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت.
لە هەرێمی کوردستاندا 86 هەزار و 791 فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە نزیکەی 38 هەزاریان مامۆستان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە.




