رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، داوا دەکەن سبەی چوارشەممە، کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ هەموو پەرلەمانتاران لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ کۆبوونەوەی تەواوکاری رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم.
بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، ئاگاداری ئەو جووڵانە نین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە بەشداری بکەن.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت، نابنە بەشێک لە ململانێکانی پارتی و یەکێتی و وەکو ئۆپۆزیسیۆن بەشداریی هیچ دەنگدانێک ناکەن.
عەلی حەمەساڵح باسی لەوەش کرد، تاوەکو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، هیچ پرۆسەیەکی دیکە ناکرێت.
مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، بابەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان لەناکاوە و تاوەکو ئێستا وەکو فراکسیۆن هیچ قسەیەکیان نەکردووە. باسی لەوەش کرد، دانیشتنی پەرلەمان پێویستی بە بانگهێشتی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانە و هەر پێشهاتێک بێتە پێش گفتوگۆی لەسەر دەکەن.
مستەفا عەبدوڵڵا گوتی، هەرکاتێک سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان بانگهێشتی بۆ کۆبوونەوە کرد، ئەوکاتە بڕیاری خۆیان دەدەن.



