رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندی لەسەر زیادکردنی پشکی کەرکووک درا بە بڕی 150 مێگاوات کارەبا.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، باسیان لە دۆخی کارەبای کەرکووک کردووە، زەیدی رەزامەندیی پێشان دا بە زیادکردنی بڕی 150 مێگاوات کارەبا بۆ شارەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوو شەوی رابردوودا بەشێک لە دانیشتووانی کەرکووک دژی گرانیی ئەمپێری کارەبای موەلیدە، چوونە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانیان کرد.
دوای ئەو خۆپێشاندانانە، قایمقامیەتی کەرکووک دوو جار نرخی ئەمپێری موەلیدەی کەمکردەوە، سەرەتا کردیە 15 هەزار و دواتریش بۆ 13 هەزار دینار کەمیکردەوە، بەڵام هێشتا خەڵک لە نرخەکان رازی نەبوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بە زیادکردنی ئەو بڕە، کۆی گشتیی پشکی کارەبای پارێزگای کەرکووک دەگاتە نزیکەی 800 مێگاوات.
هاوکات، بڕیار درا بە زیادکردنی نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر سووتەمەنی (گاز) بۆ موەلیدە ئەهلییەکانی شارەکە.



