رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاونیشتمانییەک و دەستبەسەریان کردووە؛ تاوەکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، درەنگی شەوی رابردوو، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان، هاونیشتمانییەکیان بە ناوی فەتاح حاجی زادە دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشاندانی هیچ بڕیارێکی دادگە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و لە کاتی پشکنیندا دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا، لەوانەش مۆبایلەکەیدا گرتووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی راگرتن و چارەنووسی دەستنەکەوتووە.
فەتاح حاجی زادە تەمەنی 57 ساڵە، باوکی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی گامێشگۆلی سەر بە بۆکانە.
ناوەندە فەرمی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاونیشتمانییە کراون، بڵاونەکردووەتەوە.




