رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی سەربەخۆیی پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە بەشداری دانیشتنی سبەی بکات و دەڵێت، "یاسایی نییە."
رۆژی 03ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرۆ عەتار، ئەندامی فراکسیۆنی سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشداری دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان ناکات، چونکە بانگهێشتی یاسایی پەرلەمانتاران نەکراوە.
ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: "بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان دەکەین بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی (یەکەم)ی خولی پاییزەی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، رۆژی چوارشەممە 04-11-2026، تکایە لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن".
هێرۆ عەتار رەتیکردەوە ئەو بانگهێشتنامەیەی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستانیان بە دەست گەیشتبێت و گوتی،" ئەو نووسراوە واژۆ نەکراوە و رۆژەکەشی پێوە نییە".
هێرۆ عەتار لەسەر لیستی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بووە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دوای بڕیاری کۆمەڵی دادگەری بۆ بایکۆتکردنی خولی شەشەم بڕیاری جیابوونەوەی دا و خۆی وەک فراکسیۆنێکی سەربەخۆی ناساند.
دەرگای بەربژێربوون بۆ دەستەی سەرۆکایەتی ناکرێتەوە
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.
لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا، دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی کرایەوە و هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و پێکهاتەکان بەربژێری خۆیان تۆمار کرد.
بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری هەبوون، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە هەمان شێوە دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کرد، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەیە، کە کوردەوان جەمالە.
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەکە لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسووڵ لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانیش لە یەکێتی شیرین یونس و شلێر غەفوور، هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیانەکان لە هەولێر، بەربژێرن.
بەگوێرەی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ رووداو: "بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە و دەبێت ئەوانەی خۆیان بەربژێر کردووە، یەکێک لەوانە هەڵبژێردرێت بۆ پۆستەکانی سەرۆک، سکرتێر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان".

