ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان دەڵێ، "هیچ پرۆسەیەک بەبێ بەشداری یەکێتی سەرکەوتوو نەبووە و نابێت."
ئەمە وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بانگەوازی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ
دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، دکتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی
پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن بۆ
دانیشتنی پەرلەمان و گوتی، داوا دەکەن سبەی چوارشەممە، کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ هەموو
پەرلەمانتاران لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ کۆبوونەوەی تەواوکاری رێکارەکانی دانیشتنی
یەکەمی خولی شەشەم.
ئەمڕۆ 3-11-2026 لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتیی دەرباز کۆسرەت رەسول، ئەندامی مەکتەبی سیاسی
و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوەی تیمی یەکێتی
لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، هەڵوێستی
یەکێتی لەبارەی رووداوەکانی ناوچەکەو دۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق و پرسی پێکهێنانی
کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، هەڵوێستی "نەگۆڕی"
یەکێتی روونکردەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەڵویستی یەکێتی نەگۆڕە کە هاوبەشێکی
راستەقینە بین لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، تەوەرێکی دیکەی
گفتوگۆکان باسکردن بوو لە بەڵێن و داواکارییەکان بۆ چاکسازی و هاوبەشیی راستەقینە
لە دەسەڵات، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ رایگەیاند: "هیچ پرۆسەیەک بەبێ بەشداری یەکێتی
سەرکەوتوو نەبووە و نابێت."

