رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، مانگی رابردوو 65 بوومەلەرزە لە عێراق و ناوچە سنوورییەکان تۆمارکراون کە 34ـیان لە باشووری کوردستان بوون و زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە (2ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی راپۆرتی مانگانەی بەشی چاودێریی بوومەلەرزە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026دا تۆڕی چاودێریی بوومەلەرزەی عێراق کۆی گشتیی 65 بوومەلەرزەی تۆمارکردووە؛ لەو ژمارەیە 34 بوومەلەرزەیان لەنێوخۆی عێراق و 31ـەکەی دیکەش لە دەرەوەی عێراق و نزیک لە ناوچە سنوورییەکان بوون.
لەبارەی ئەو بوومەلەرزانەی لە وڵاتانی دراوسێ و نزیک سنووری عێراق روویانداوە، عامر جابری ئاماژەی بەوە کرد کە 19 بوومەلەرزە لەنێو ئێران (لە پارێزگاکانی ئیلام، خووزستان، کرماشان، سنە و ئازەربایجان) و نزیک سنوورەکانی لەگەڵ عێراق بوون، 11 بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا (لە وان، جۆلەمێرگ، شێرنەخ و ناوچەکانی دیکە) و یەک بوومەلەرزەش لە رۆژئاوای کوردستان (حەسەکە) تۆمارکراوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسیی عێراق روونیکردەوە، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1.1 بۆ 4.1 پلەی رێختەر بووە و لە قووڵایی 6 بۆ 44 کیلۆمەتر لە ناخی زەویدا روویانداوە.
عامر جابری باسی لەوە کرد کە چڕیی چالاکییە بوومەلەرزەییەکان بە روونی لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق بووە، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆک و دابەشبوونیان لەنێوخۆی عێراق بەمشێوەیە بووە:
• دهۆک: 10 بوومەلەرزە (لە ئامێدی، سێمێل، زاخۆ و ئاکرێ).
• دیالە: 8 بوومەلەرزە (لە کفری، خانەقین و خاڵس).
• سلێمانی: 5 بوومەلەرزە (لە کەلار، دووکان و چەمچەماڵ).
• کەرکووک: 5 بوومەلەرزە.
• هەولێر: 3 بوومەلەرزە.
• سەلاحەدین: 2 بوومەلەرزە (لە خورماتوو).
• واست: 1 بوومەلەرزە (لە بەدرە).
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی ئەو مانگەدا دوو راپۆرتی خێرا سەبارەت بەو بوومەلەرزانەی هەستیان پێکراوە دەرکراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەهۆیانەوە تۆمار نەکراوە.

