رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند ناردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان لە قۆناخی ئامادەکاریدایە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش پێشبینی دەکات تاوەکو هەفتەیەکی دیکە بگات.
سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای دابەشکردنى سەر بە وەزارەتى نەوت لە قۆناخی رێکارەکاندایە و بەم نزیکانە دەنێردرێت".
رۆژی یەکی تشرینی دووەم، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی پێداون کە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لە کۆبوونەوەی باسم عەبادی، وەزیری نەوت و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وەزارەتە لەگەڵ لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق کە 4ى تشرینى دووەم کراوە، باس لەو پرسە کراوە.
ئومێد بەرواری، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و پلاندانان و کارنامەی حکومی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزیری نەوت پێیگوتین لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆکوەزیران ئەو نەوتە دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئێمەش گوتمان ئەو 50 ملیۆن لیترەی دیاریکراوە بنێردرێت کەمە و پێویستیان بە زیاترە".
وەزارەتی نەوتی عێراق 100 لیتر نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو بە 15 هەزار دینار دەداتە هاووڵاتییان لە سنووری دەسەڵاتی کارگێڕیی حکومەتی فیدراڵی.
ئومێد بەرواری رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت تاوەکو هەفتەیەکی دیکە ئەو نەوتە بگاتە هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ئامادەکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیشە بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی.


