رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە مهاباد، پردی گوندی "گامێشان" لە ناوچەی خەلیفان رووخا و رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی گوندەکە داخرا.
رەحمەت نەویدینیا، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی مهاباد، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبار، پردی گوندی گامێشان رووخاوە و بەهۆیەوە رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی دانیشتووانی گوندەکە بە تەواوی پچڕاوە.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی رێگەکە، نەویدینیا گوتی: "تیمەکانی رێگەوبان بە شۆفڵێک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر رەوانەی شوێنەکە کراون، تاوەکو بە دانانی بۆریی کۆنکرێتی پردەکە و رێڕەوە تێکچووەکە نۆژەن بکەنەوە و رێگەی هاتووچۆ بۆ گوندەکە بکەنەوە."
گوندی گامێشان نزیکەی 30 خێزانی تێدا دەژین؛ لە دووریی 70 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری مهاباد هەڵکەوتووە.
بەپێی راگەیێندراوی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکە کردووە و زۆربەی شارەکانی باشووری پارێزگاکەی گرتووەتەوە، پێشبینیش دەکرێت ئەم شەپۆلە بارانبارینە تاوەکو دووشەممە بەردەوام بێت.

.webp&w=3840&q=75)

