رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمە کشتوکاڵی و رووەکییەکانی کشتوکاڵی مهاباد دەڵێ، پێشبینی دەکرێ بەرهەمی زەعفەران بە رێژەی 80٪ لە ناوچەکەدا زیادبکات، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ئەو رووبەرەی زەعفەرانی تێدا دەڕوێندرێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، رەسووڵ سەعیدیان، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمە کشتوکاڵی و رووەکییەکانی کشتوکاڵی مهاباد رایگەیاند: "لە رووبەرێکی 2.5 هێکتاریدا زەعفەران روێندراوە و هەربۆیە پێشبینی دەکەین 20 بۆ 25 کیلۆگرام بەرهەم لەم کێڵگانە هەبێ."
رەسووڵ سەعیدیان ئاماژەی بەوە دا کە زەعفەران پێویستی بە ئاوی کەمە (نزیکەی 2 هەزار و 500 تاوەکو 3 هەزار مەترسێجا بۆ هەر هێکتارێک) و دەکرێ ئاوەکەی لە رێگەی بارانبارینەوە دابین بکرێ.
ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد، زەعفەران لە رووی ئابوورییەوە داهاتێکی زۆر بۆ ئەو خێزانانە بەردەستدەخات کە رووەکەکە دەڕوێنن.
بەپێی کشتوکاڵی مهاباد، چاندنی زەعفەران لە گوندەکانی یوسفکەند، عیساکەند، خۆرخۆرە و تیکانلووجه چەند ساڵێکە دەستیپێکردووە.
نرخی کیلۆیەک زەعفەران ئێستا لە ئێران 295 بۆ 350 ملیۆن تمەن( هەزار بۆ هەزار و 500 دۆلار)ە.


