رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون؛ پارێزگاکانیش پەنایان بۆ خشتەی نوێی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بردووە تاوەکو بۆشاییەکە پڕبکەنەوە.
لە هەولێر دۆخی کارەبای نیشتمانی خراپە. رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەولێر کاژێرەکانی پێدانی کارەبا زۆر کەم بووەتەوە، بە جۆرێک دوێنێ تەنیا 190 مێگاواتمان هەبوو، ئەویش بۆ شوێنە پێویست و گشتییەکان دابینکراوە، بۆیە موەلیدەکان پابەند کراون بە خشتەیەکی نوێی پێدانی کارەبا."
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، لەگەڵ پارێزگای هەولێر کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە بۆ ئەم دۆخە خشتەیەک بۆ کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان دابنێن و لە دوێنێوە جێبەجێ دەکرێت.
بە گوێرەی خشتە نوێیەکەی هەولێر، بەیانیان: لە کاژێر 07:00 تاوەکو 09:00ـی بەیانی کارەبای موەلیدە هەیە. هەروەها لە کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 01:00ـی شەو لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی دا کارەبا دەدەنە هاوبەشان.
خۆران خۆرانی هۆشداری دا و گوتی: "هەر خاوەن موەلیدەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت."
سلێمانی؛ سێ بۆ چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "کارەبای نیشتمانی لە سلێمانی سێ بۆ چوار کاژێر هەیە، لە کۆبوونەوەداین لەگەڵ قایمقامیەت و موەلیدە ئەهلییەکان تاوەکو ئەمڕۆ کارەبا بۆ هاووڵاتییان هەڵبکەنەوە."
لای خۆیەوە، عوسمان محەممەد سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوێنێ سەرەڕای نەبوونی کارەبا هیچ موەلیدەیەکمان هەڵنەکردووە، چونکە هیچ خشتەیەکی کارکردنمان نییە و دەبێت خشتەیەکمان بۆ دابنرێت، بەپێی میکانیزم ئێمەش موەلیدەکان هەڵدەکەینەوە."
دهۆک؛ پێنج کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە
لە پارێزگای دهۆک، هاوئاهەنگیی نێوان کارەبای نیشتمانی و موەلیدەکان بەردەوامە. بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە رووداوی گوت: "دوێنێ پێنج بۆ حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبووە، ئەوەی دیکە هەمووی موەلیدەکان پڕیان کردووەتەوە هەموو خاوەن موەلیدەکانیش پابەندن بە کارپێکردنی موەلیدەکانیان."
هەڵەبجە؛ تەنیا سێ کاژێر کارەبا هەبووە
پارێزگای هەڵەبجەش رووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی کارەبا بووەتەوە. ئەندازیار کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "دوێنێ دووشەممە تەنیا سێ کاژێر کارەبامان هەبووە و ئەوەی دیکە هەمووی بێ کارەبا بوون، چونکە موەلیدەکان کارەبایان هەڵنەکردووەتەوە. کارەبا زۆر کەم بووەتەوە، ئەوەشی هەیە دەدرێتە شوێنە پێویستەکان وەک بەندیخانە و شوێنە گشتییەکان."
سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆخەکە، سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "هەر لە هەوڵ و کۆبوونەوەداین، بەشێکی خاوەن موەلیدەکان کار دەکەن بەشێکیان ماون، دەبێت ئەمڕۆ هەموویان پابەند بن، ئەگەرنا رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر."
دابەزینی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە.
دوای هێرشەکە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت.




