رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، وەک مەرجەعێکی نیشتمانی بووە نەک وەک سەرۆکی حیزبێک، دەشڵێت پێویستە یەکێتی بە گەرمی پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە جیدییە بکات بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی. ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ـی تۆڕی میدیایی رووداودا تیشکی خستە سەر دەستپێشخەرییەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی و گوتی: "سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعێکی باڵای نیشتمانی هەنگاوی ناوە و پەیامەکەشی ئاراستەی هەردوو حیزب (پارتی و یەکێتی) کراوە تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکەن؛ بۆیە داوا دەکەین برایانی یەکێتی پێشوازییەکی گەرمی لێبکەن." ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی لە پێناو یەکڕیزیی نیشتمانیدا پشوودرێژ بووە لەگەڵ لایەنەکاندا و گوتیشی: "ئەگەر پرسی تەبایی نەبووایە، پارتی ساڵێک پێش ئێستاش دەیتوانی رێژەی یاسایی (50+1) کۆبکاتەوە و پەرلەمانی پێ کارا بکاتەوە." ئەمڕۆ سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا داوای لە یەکێتی و پارتی کرد دەستبەجێ کۆببنەوە و کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بهێنن؛ دەستبەجێش گوتەبێژی پارتی ئامادەیی تەواوی حیزبەکەی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی راگەیاند. سەبارەت بە دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی پەرلەمانی کوردستان کە دەستەی سەرۆکایەتی تێدا هەڵبژێردرا، ئەحمەد کانی روونیکردەوە: "ئەم هەنگاوە دژی هیچ لایەنێک نییە و دەبوو زووتر لەمە دامەزراوەکان کارا ببن، هاوکات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان پشتیوانی لەسەر ئاستی بەغدا و ئەمریکاش هەبووە." لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتیش، ئەحمەد کانی گوتی: "حکومەتی بنکەفراوان لە بەرژەوەندیی هەموواندایە"، بەڵام راشیگەیاند: "پارتی ناتوانێت لە دەنگەکانی خۆی خۆشبێت، پێویستە ململانێی سیاسی بنەمایەکی دروستی هەبێت و رێز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت." ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی هۆشداریی لە مەترسیی دوو ئیدارەیی و لێکەوتەکانی پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد دا و گوتی: "کورد هەمیشە لە پەرتەوازەییدا زەرەرمەند بووە. ئێستا هەندێک لایەن خەون بە بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەبینن؛ بۆیە ئەگەر هەر زیانێک بەر ئەم قەوارەیە بکەوێت، بەر هەمووان دەکەوێت نەک تەنیا لایەنێکی دیاریکراو." رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دوای دوو ساڵ لە پەککەوتنی، پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی 52 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، کۆتاکان، سۆسیالیست و بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ کاراکرایەوە؛ لە بەرامبەریشدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دانیشتنەکەی بە نایاسایی ناوبرد و بڕیاری دا لە حکومەت بکشێتەوە
کوردستان10-11-2026مەسرور بارزانی و تۆم باراک: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی و یەکگرتوویی بمێنێتەوە