رووداو
دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی
پارێزگای کەرکووک، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، قەحتان وەنداوی، بەربژێری بەرەی تورکمانی،
وەک پارێزگاری نوێی شارەکە هەڵبژارد. وەنداوی تەنیا بۆ ماوەی مانگێک و 15 رۆژ لە پۆستەکەیدا
دەمێنێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە.
قەحتان وەنداوی،
پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکووک، لە دوای هەڵبژاردنی رایگەیاند، "وەک یەک تیم
لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن و پەرلەمانتاران و وەزیرەکان کە خەڵکی کەرکووکن، کار دەکەین.
کەرکووک ئەمانەت و بەرپرسیارێتییە".
سەرکردەکانی
بەرەی تورکمانی، وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بۆ ئەو ماوە کەمە بە مافی نەتەوەکەیان دەزانن
و دڵنیایی دەدەن کە لە دوای سەری ساڵ، پۆستەکە رادەستی بەربژێری عەرەب دەکەن.
محەممەد
سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی گوتی، "ئێمە کاتێکمان هەیە و پێیەوە پابەندین بەپێی
رێککەوتنی سیاسی. دوای سەری ساڵ، برایانی عەرەب بەربژێری خۆیان دەهێنن و کۆبوونەوەیەک
دەکەین و پۆستەکە رادەست دەکەین".
پێکهاتەی
عەرەبیش لە ئێستاوە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە ئامادە دەکەن. زاهیر ئەنوەر عاسی، ئەندامی
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی عەرەبی رایگەیاند، "لە دانوستاندنەکاندا
گەیشتووینەتە دەرەنجام و کێشە دروست نابێت لە تەواوکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکە".
سەرەڕای
ئەم رێککەوتنە، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە پێکهاتە جیاوازەکان،
سیستمی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان بە "پڕۆژەیەکی شکستخواردوو" ناودەبەن.
رەعد ساڵح،
ئەندامی ئەنجوومەن لە فراکسیۆنی عەرەبی دەڵێت، "ئەمە شکستخواردووترین پڕۆژەیە
لە پارێزگای کەرکووک، کە بەهۆی ئاڵوگۆڕەوە زیانی بە خەڵکی کەرکووک گەیاندووە".
هەروەها
حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەن لە فراکسیۆنی پارتی پێیوایە، "ئەو سیستەمە سەرکەوتوو
نەبووە و نەیتوانیوە وەک پێویست خزمەت بە خەڵکی شارەکە بکات".
بەپێی رێککەوتنی
نێوان لایەنەکان، بڕیارە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا، ئاڵوگۆڕ لە زۆربەی پۆستەکانی کەرکووکدا
بکرێت؛ عەرەب پۆستی پارێزگار و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان وەردەگرێت، تورکمان جێگرێکی
پارێزگار و قایمقامی ناوەندی وەردەگرێتەوە، کوردیش پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا
و فەرماندەی پۆلیسی پێدەدرێت.


