رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێک لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، 12 کەس گیانیان لەدەستدا و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی نێوان مورموری و ئاودانان روویداوە.
سەرەتا مانگی سووری پارێزگای ئیلام رایگەیاند، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڵام دواتر ژمارەیان بەرزبووەوە بۆ 12کەس و 18ی دیکەش بریندارن و تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە.
سەرنشینانی پاسەکە، 28 کەس بوون و سەرجەمیان کرێکاری کۆمپانیای نەوتی دێلران بوون.
ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام رۆژێک ماتەمینیی سەرانسەری لە پارێزگاکە راگەیاند و لە شاری ئاودانانیش دوو رۆژ ماتەمینی راگەیێندرا.
بەپێی زانیارییەکانی تیمی فریاکەوتن، پاسەکە تایبەت بووە بە گواستنەوەی کارمەندانی کۆمپانیایەک لەو ناوچەیە؛ دوای رووداوەکەش دەستبەجێ پێنج تیمی فریاکەوتن لە شارەکانی ئاودانان و دێهلۆڕانەوە رەوانەی شوێنی مەبەست کراون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییەکان.



