رووداو
دیجیتاڵ
خۆپێشاندانێکی
شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەی دارەمان لەسەر رێگای کەرکووک-هەولێر گرژیی لێکەوتەوە،
دوای ئەوەی پۆلیسێک بە زللـە لە یەکێک لە شۆفێرەکان دەدات. بە گوتەی شۆفێرەکان، دوو
شۆفێری دیکەش دەستبەسەرکراون و بە زەبری هێز کۆتایی بە خۆپێشاندانەکەیان هێنراوە.
شۆفێرەکان
لە دژی رێکار و رێگرییەکانی گومرگ و بازگەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و بۆ ماوەیەک رێگای
سەرەکیی نێوان کەرکووک و هەولێریان داخست.
عەبدولباست
تەها، یەکێک لە شۆفێرە خۆپێشاندەرەکان دەڵێت، "ئەمانە بەمەبەست وا دەکەن، خەڵک
دوادەخەن و ئازاری شۆفێر دەدەن. شۆفێرێک لێرە دوو رۆژ لە نۆرەدا دەوەستێت، کە دەیەوێت
رێگایەک بۆ دەربازبوون بدۆزێتەوە، دەیگرن و لێی دەدەن".
گرتەیەکی
ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، دەریدەخات پۆلیسێک بە زللـە لە
شۆفێرێک دەدات. شۆفێرەکان دەڵێن، لەلایەن ئەفسەرانی پلە باڵاشەوە سووکایەتییان پێکراوە.
باسم جەعفەر،
شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەفسەر بە پلەی عەقید و ملازم لە شۆفێر دەدات. دواتر
بە یەخە رادەتکێشن و دەتخەنە نێو ئۆتۆمبێلەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆمان
دەکەین".
دوای بڵاوبوونەوەی
گرتە ڤیدیۆییەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکهێنرا و ئەو پۆلیسەی کە
لە شۆفێرەکەی دابوو، بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەستبەسەرکرا.
مازن غەریب،
ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک قسەم کرد
و پێم گوت ئەم بابەتە جێگەی قبووڵ نییە. ئەویش هەمان بۆچوونی منی هەبوو و راستەوخۆ
بڕیاری دەستبەسەرکردنی پۆلیسەکەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەرکرد. ئێمەش لەسەر هێڵ دەبین
تاوەکو ئەو پۆلیسە سزا دەدرێت".
رۆژانە بە
دەیان بارهەڵگر بۆ ماوەی چەندین کاژێر لە نۆرەی دوور و درێژی گومرگ و بازگەکانی سنووری
پارێزگای کەرکووک رادەگیرێن. هەندێکجار بەهۆی کارنەکردنی ئامێری سۆنارەوە، ناچار دەبن
زیاتر لە رۆژێک لە نۆرەدا بمێننەوە.


