رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە دانیشتووانی هەردوو گوندی "سەڕووی سەروو" و "سەڕووی خواروو" لە سنووری شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان، لە یاداشتێکی ناڕەزایەتیدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی شارەکەیان کردووە، سەبارەت بە ناتەندروستبوونی کۆگای ئاوی خواردنەوەی گوندەکانیان و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هۆشداری دەدەن.
بە گوتەی دانیشتووانی ئەو دوو گوندە، بنی ئەو کۆگایەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی هەردوو گوندەکەی لێوە دابین دەکرێ لە دۆخێکی زۆر خراپ و ناتەندروستدایە، ئەوەش بووەتە هۆی کۆبوونەوەی قوڕ و لیتە و پیسبوونی ئاوەکە، کە مەترسیی راستەوخۆی لەسەر تەندروستیی هاونیشتمانییان دروست کردووە.
لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی دۆخی ئێستای کۆگای ئاویانەوە، مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، دانیشتووانی هەردوو گوندی "سەڕووی سەروو" و "سەڕووی خواروو"ی هەراسان کردووە.
دانیشتووانی هەردوو گوندەکەی جوانڕۆ جەخت لەوە دەکەنەوە کە دابینکردنی ئاوی پاک سەرەتاییترین مافی ئەوانە و داوا لە بەرپرسانی جوانڕۆ و بەتایبەتی فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆ دەکەن بەبێ دواکەوتن بەدەم ئەم چوار داواکارییەوە بچن:
-بە زووترین کات سەردانی کۆگەی ئاوەکە بکەن و پشکنین بۆ دۆخی بنی کۆگەکە بکەن.
-هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ پاککردنەوە، لابردنی نیشتووەکان و چاککردنەوەی بنی کۆگەکە.
-پشکنینی تاقیگەیی و مایکرۆبی بۆ ئاوی خواردنەوەکە بکرێ.
-ئەنجامی پشکنینەکان و ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەر، بە فەرمی بە دانیشتووانی گوندەکان رابگەیێندرێن.
لە کۆتایی یاداشتەکەدا خەڵکی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پاراستنی تەندروستیی گشتی بەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانە و چاوەڕوانن لە ماوەیەکی کەمدا کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێ.
هەردوو گوندەکە سەر بە ناحیەی پڵنگانەی شاری جوانڕۆن و گوندی "سەڕووی سەروو" لە 64 خێزان و ژمارەی دانیشتووانی 296 کەسە. گوندی "سەڕووی خواروو"ش لە 37 خێزان پێکدێ و ژمارەی دانیشتووانی 184 کەسە.

