رووداو دیجیتاڵ
شەلال عەبدول، لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکە هەڵبژێردرا.
یاسین محەممەد عەلی داودی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، شەلال عەبدول کرایە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکە."
شەلال عەبدول، پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، قایماقمی قەزای خورماتوو بوو، بەڵام دواتر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەلاحەدین پشکی یەکێتیە لە پارێزگای سەلاحەدین. رۆژی دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، لە دادگەی تاوانەکانی تکریت، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەمین عەزیز جەواد، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەلاحەدین بەڕێوەچوو و دادگەی سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد.
ئەمین عەزیز لە ساڵی 2024ـەوە لە پشکی یەکێتیی پۆستەکەی وەرگرتبوو. رۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکردنی ئەو هاونیشتمانییەی بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی راگەیاند.
بەگوتەی یاسین داودی، " تۆمەتی بەهەدەردانی دارایی گشتی ئاراستەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کرابوو و ئاماژە بەوەکرابوو کە رێکاری پێویستی کارگێڕیی نەگرتووەتەبەر بۆ پێشگرتن لە بەهەدەردانی سامانەکە و وەک کەمتەرخەمی لە کارەکەیدا ئەژمار کرابوو".

