رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سوپای پاسداران رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنێک پارێزگاریکردن لە بنکە و بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رادەستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراوە. بەرپرسێکی باڵای حدکاش رەتیدەکاتەوە و دەڵێ، خۆیان خۆیان دەپارێزن.
رووحوڵڵا نووری، جێگری فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کرد. لە بەشێکیدا رایگەیاند، چالاکییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سنووردار کراون و بەپێی رێککەوتنەکە پارێزگاریکردن لە بنکە و بەرپرسانی حدکا رادەستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراوە.
کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە."
بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی پێشمەرگەی حدکا گوتی: "تاوەکو ئێستا رێککەوتنمان لەگەڵ هیچ لایەنێک نییە و خۆمان بارەگای خۆمان دەپارێزین، ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژانە بنکەکانمان بۆردوومان دەکات، کە رێککەوتن کراوە ئەو بۆردوومانانە چ مانایەکیان هەیە؟".
بەرپرسەکەی سوپای پاسداران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی چارەنووسی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی، ئەوانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە دەتوانن داوای لێخۆشبوون بکەن و خۆیان بە وەزارەتی ئیتلاعات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بناسێنن تاوەکو دۆسیەکانیان لە چوارچێوەی یاسادا یەکلایی بکرێتەوە، ئەوەش تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەشدارییان لە شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێراندا نەکردووە.
جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە، دەرکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکە لە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و پێویستە جێبەجێ بکرێت.


