رووداو دیجیتاڵ
لافاوەکەی هەولێر و هۆکارە ئەندازیاری و نەخشەسازییەکانی، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی شەهیان تەحسین و زەردەشت عەبدولخاڵق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بوون.
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر هۆکاری سەرەکیی لافاوەکە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت کە کێشەکە هەڵەی دیزاینی نێو شار نییە، بەڵکو لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا نزیکەی چوار ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەرزاییەکانی پیرڕەشەوە وەکو رووبارێک رووی لە گەڕەکەکانی سێبەردان و هەولێری نوێ کردووە. ئەوەش دەخاتەڕوو کە تۆڕی ئاوەڕۆی شار تەنیا بۆ هەڵگرتنی بارانی ناوخۆ و دەوروبەری نزیکی نەخشێنراوە، نەک بۆ لێشاوی رووبارێکی گەورە لە بەرزاییەکانەوە.
زەردەشت عەبدولخاڵق نەخشەڕێگەی چارەسەری بەپەلە و درێژخایەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان دەخاتە بەردەم سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ لەوانە دروستکردنی 189 پۆند، بەنداوی بچووک لە دۆڵەکان، حەوزی هێورکەرەوە لەسەر شەقامی 150 مەتری، و وەرگێڕانی ئاوی کەندەکان بەرەو کەندی بەستۆڕە، هاوکات جەخت دەکاتەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ناتوانرێت پێش بە تەواوی لافاو بگیرێت، بەڵام بەو پڕۆژانە دەتوانرێت بە تەواوی گیانی هاووڵاتییان و سەروماڵیان لە کارەسات بپارێزرێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر، بەڕێز زەردەشت عەبدولخاڵق میوانمە لەسەر لافاوەکەی هەولێر، هۆکار و چارەسەرییەکان، کاک زەردەشت بەخێربێن، زۆر سوپاس، لەو لافاوەی روویدا لە هەولێر، دەتوانم بزانم لە رووی ئاوەڕۆوە، لە رووی ئەندازیاری، نەخشەسازی و داڕشتنی ئەم شارەوە، چەند لەسەدی بەشی کێشەکە هەڵە بوو لە دیزاین و دەستی مرۆڤی تێدابوو، لەم شارەدا چیمان کردووە، و بەشەکەی دیکەشی کارەساتی سروشتی بوو؟ چۆن دابەشی دەکەی؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: زۆر سوپاس، سەبارەت بەو لافاوەی روویدا لە شاری هەولێر، ئەمە دەبێت بگەڕێینەوە قۆناخی یەکەم؛ ئایا هەولێر پێشتر ئەو لافاوەی بەخۆیەوە بینیوە یان نا؟ ئێمە لە ساڵی 1936 هاوشێوەی ئەم لافاوە، 90 ساڵ پێش ئێستا لافاوی لەو شێوەیە هەبووە؛ 60 ساڵ پێش ئێستاش لە شەستەکاندا هاوشێوەی ئەو لافاوە رووی لە هەولێر کردووە؛ لە ساڵی 2021ـیشدا لافاو لێیداین. کاتێک لە ساڵی 2021 لافاو لێیداین، پڕۆژەمان ئامادە کرد و چارەسەرییە گونجاوەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دانا روو لە هەولێر دەکەن، بەتایبەتی لە کەندە سروشتییەکاندا، چونکە ئەوەی روویداوە، تەنیا ئەوە نییە بڵێیت ئاوەڕۆ، بەڵکو رێڕەوە سروشتییەکانن کە ئاوێکی یەکجار زۆریان بەرەو شاری هەولێر هێناوە ئەو گۆڕانکارییەی کەشوهەوا کە باسی دەکەن، ئەوە خاڵی یەکەمە و خاڵی بنەڕەتییە؛ گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی سەتا سەتی هەبووە
ئێمە لە پیڕڕەش ئامێرێکمان نییە کەشناسی پێی بزانێت چەند باریوە،؛ ئەو ئاو و بارانەی هاتووە بەو گوڕوتینە زۆرەوە لەو بەرزاییانەوە بەرەو هەولێر هاتووە. ناتوانین بڵێین ئەوە هەڵەیە یان کارنەکردنی ئەندازەییە ، بەڵکو ئەوە سروشتە. سروشت دوای هەزار ساڵیش رێڕەوی خۆی دەدۆزێتەوە. بۆیە ئێمە ئەو فراوانبوونە گەورەیەی کە شاری هەولێر بەخۆیەوە بینیوە، کاتی خۆی هەولێر 38 کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە، ئێستا 380 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ئەو رووبەرە فراوانە، بە قەدەر دە هێندەی خۆی هەولێر گەورە بووە، سێ ملیۆن مەتر درێژایی ئاوەڕۆ بە قەبارەی جیاجیا لەخۆدەگرێت، لە شەستەکانەوە دەست بە دروستکردنی کراوە. کەواتە ناتوانین بڵێین مرۆڤ لە بنەڕەتەوە هەڵەی کردووە، هەڵە نییە، بەڵکو ئەو بڕە ئاوەی لە دەرەوە هاتووەتە نێو هەولێر، ئەو ئاوەڕۆیەی لەناو هەولێر هەیە بۆ ئەو قەبارەیە نەکراوە، بەڵکو تەنیا بۆ سنووری ئاوەڕۆی خۆی کراوە، واتە ئەو بارانەی بەسەر شارەکەدا دەبارێت لەگەڵ دەوروبەرە نزیکەکەی، ئەوە لەخۆدەگرێت و دەربازی دەکات.
رووداو: چەند لەخۆدەگرێت؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: ئەوەی هەمانە، دەتوانین بڵێین لە کاژێرێکدا دەتوانێت 20 ملیمەتر لەخۆبگرێت، بەڵام بۆ 80 ملیمەترەکەش دەتوانێ، بە مەرجێک لە هەندێک شوێن پڕۆژەکان تەواو بکرێن بەهۆی تەنگژەی داراییەوە تەواو نەکراون، وەک پردی سەیداوە و لای وەرزش، ئەوانە پڕۆژەی گرنگن و ئامادەکراون.
رووداو: واتە چۆن دەتوانێت 80 ملیمەتر لە کاژێرێکدا لەخۆبگرێت، ئەوە چۆن دەکرێت؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: ئێمە ئاوەڕۆمان هەیە. لە شەقامەکان ئەو ئاوەڕۆیەی دوێنێ هەڵیگر ، باران باری و هەڵیگرت، بەڵام ئێمە لافاوەکە، ئەگەر سەرنج بدەینەوە بە مانگە دەستکردەکان پشکنینی بۆ بکەین، لە بەرزاییەکانی پیرڕەشەوە رووبارێک رووی لە هەولێر کرد؛ سەرەتا لە سێبەردانی دا، دواتر لە هەولێری نوێی دا، دواتریش بە کۆڕنیشی سەر رێگەی کەرکووک، دەستە دەستە بەرەو شێخ ئەحمەد و لای فامیلی مۆڵ چوو.
لە ژیانی ئەو خەڵکەدا بارانی بەو شێوەیە نەباریوە، ئەو خەڵکەی لەو تەمەنەدا دەژین نەیانبینیوە، بەڵام لە بەڵگەنامەکاندا دەبینین لە ساڵی 1936 بارانێک بەو شێوەیە هاتووە بە زیادەڕۆییەوە گوتراوە قەڵای هەولێریش ئاو بردوویەتی. بۆیە بابەتەکە لە رووی کەشناسییەوە دەتوانرێ شیکاریی تەواوی بۆ بکرێت. چونکە ئێستا ئێمە ئەگەر یەک دوو ئامێری دیکە لە بەرزاییەکانی پیرڕەش دابنێین، بۆمان دەردەکەوێت ئەو بڕە بارانە چ قەبارەیەک بووە تا ئەو رێڕەوانە بەو لێشاوە روویان لە هەولێر کردووە.
رووداو: باشە، ئێستا من و تۆ باسی ئەوە دەکەین 20 ملیمەتر لە کاژێرێکدا و 125 ملیمەتر باریوە لە کاژێرێکدا؛ وەکو قەبارەی ئاوەکە، دەتوانین بزانین سیستەم یان تەکنیکمان هەیە بزانین هەولێر ئەو کاتە چەند مەتری سێجا ئاوی لەخۆگرتووە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: خۆی ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە چەند مەتری سێجا لەخۆگرتووە لەو لێشاوەی هاتووە. بە نزیکەیی لەگەڵ کارمەندانی خۆمان دەستنیشانمان کردووە چوار ملیۆن مەتری سێجا لە ماوەی ئەو کاژێر و نیو و دوو کاژێرەی باریوە لەسەر پیرڕەش، ئەو ئاوە بەرەو هەولێر هاتووە. هی هەولێرمان هەژمار نەکردووە، تەنیا ئەوەی لە سەرەوە هاتووەتە خوارەوە. چونکە ئێمە دوو جار زیانمان پێگەیشت؛ 80 ملیمەترەکە لە سێبەردان و هەولێری نوێ باریوە، بەڵام 125 ملیمەترەکە بە رێژەی نزیکەی چوار ملیۆن مەتری سێجا ئاو لە کەندە سروشتییەکانەوە لێی داوین و وەک لافاو هاتووە، ئەوە هۆکاری سەرەکیی ئەو بابەتەیە.
رووداو: چوار ملیۆن مەتری سێجا، دەبێتە چەند یاریگەی پڕ لە ئاو؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: بەڵێ، کار لە یاریگە نییە
رووداو: کاک زەردەشت، ئەوەم پێ بڵێ؛ لە چ شوێنێک رێڕەوی کەندە سروشتییەکان، رێڕەوی سروشتیی ئاوەکە بەربەستی هەبووبێت و رێگری لێکرابێت؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: نەخێر، بابەتەکە بەو شێوەیە نییە، رێڕەوە سروشتییەکان لە ساڵانی پێشتر شار فراوان بووە، بەڕێوەبردنی وەکو پێویست نەبووە. چونکە بۆ نموونە لە ساڵانی 2012، 2014، 2016 تاوەکو 2017 فراوانبوونێکی زۆر بەخۆیەوە بینیووە لە گوندەکان و ناوچەکاندا، ئەو فراوانبوونە بووەتە هۆکارێک کەمێک رێڕەوی ئاوەکانیان بەرتەسک کردووەتەوە، بەتایبەتی لە پیرڕەش ئێستا تەماشا دەکەیت ماڵ لەسەر کەندەکەیە، ئەوانە لە 2014، 2015 و 2016 دروستکراون، ئەوانە هۆکارن بەربەستەکە بەرتەسک کراوەتەوە. ئەو کاتەی ئەوان خانووەکانیان دروستکردووە، وشکەساڵی بووە و باران کەمتر باریوە. ئەوانە هۆکارن تا ئێستا کە رێڕەوەکە لەو بەرزاییانەدا بەرتەسک بووەتەوە.
رووداو: ئەو شوێنانەی دروستکراون لەو کاتانەدا، هەموویان مۆڵەتیان هەیە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: ئەوە نازانم، ئەوە دەتوانیت لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێکان و شارەوانییەکان بپرسیت.
رووداو: بەس باسی گوندەکان دەکەیت یان باسی ناو شاریش دەکەیت؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: ناو شار نەخێر؛ ناو شار هەمووی رێکوپێکە و لە ناو شار رووینەداوە.
رووداو: لە ناو شار هەیە رێڕەوی سروشتیی ئاو داخرابێت؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: نەخێر، لە ناو شار دەستکاری نەکراوە، تەنیا ئاوەڕۆکانی ئێمە کە هەیە لەناو هەولێری نوێ دەتوانیت سەیری بکەیت، تاوەکو تەنیشتەکانیشی پارێزراوە. واتە ئێستا ئێمە لە هەولێری نوێ شەش رێڕەوی سندووقیمان هەیە کە ئاو دەرباز دەکات، دووانیان قەبارەیان سێ بە سێیە، چوارەکەی دیکەشیان دوو و نیو بە دوو و نیوە.
ئەوانە ئاوی سێبەردان دەگرنەخۆ لە دوو لای سێبەردانەوە دێت، یەکێکیان لای زەحمەتکێشان، ئەوی دیکەیان لای دکتۆر نەریمان و لای خەزانی دەوازە. ئەو ئاوانە هەمووی لەخۆدەگرێت و دەیداتە کۆڕنیش. کۆڕنیش کاتی خۆی وەکو پشتێنەی پارێزگاری لە کاتی رژێم دروستکرابوو بۆ ئەوەی پێشمەرگە نەچێتە ژوورەوە، بەڵام دواتر سوودی لێوەرگیرا بۆ رێڕەوێک کە مەترسی لەسەر هەولێر کەم بکاتەوە.
رووداو: بۆ بابەتی سێبەردان، خەڵک بە نموونە گوتیان ئاوەڕۆکە تەسک کراوەتەوە، ئێوە ئاگادارن؟ چۆن سەیرتان کرد، بەڕاستی وایە یان حکومەت دروستی کردووە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: دوو ئاوەڕۆی سندووقی لەوێیە، تەسک نەکراوەتەوە، بە رێژەی ئەو بارانانەی دەباری دیزاینی بۆ کراوە، لە هەشتاکاندا دوو ئاوەڕۆی سندووقی لە بەردەم دەروازەی سێبەردان دروستکراوە ئاوی پێدا دەڕوات. ئەو دوو ئاوەڕۆ سندووقییە قەبارەیان دوو و نیو بە دوو و نیوە. ئەوانە درێژکرانەوە لەنێوان شاری هیوا و گەڕەکی سێبەردان، کاتێک درێژکرایەوە، بەربەست لە پێشی نەبووە، تەنیا ئەوەیە توانای گرتنی ئەو بڕە ئاوە زۆرەی نەبووە. چونکە تۆ ژێرخانت دروستکردووە، بەڵام بۆ رووبارێک لە بەرزاییەکانەوە دروست نەکراوە. ئەو رووبارانە دەبێت چارەسەری دیکەیان بۆ بکرێت. ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی پێشنیازمان هەبووە.
رووداو: پێشنیازی ئێوە چییە؟ چۆن ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: چونکە ئێمە باسی بەرزاییەکان دەکەین، لە بەرزاییەکان پێویستە رێگری لە ئاوەکە بکرێت، ئەو پۆندانەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری پێشنیاز کراوە ئەگەر دروستبکرێن، دەتوانن بە رێژەی 20% تا 25%ـی ئەو تەوژمە کەم بکەنەوە.
رووداو: چەند پۆندن؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: 18 پۆند پێشنیاز کراوە، یەکێکیان دروستکراوە، 17ـەکەی دیکەیان لەژێر دروستکردندان و بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون.
رووداو: لە کوێ دروست دەکرێن؟ پەلەی لێ ناکەن کە پێشینە نەدراوەتە هەندێک شوێن؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: دیاریکراون و شوێنەکانیان پێوانەی بۆ کراوە زۆرترین ئاو لەخۆبگرن لەناو ئەو دۆڵ و بەرزاییانەدا.
رووداو: باشە ئەمە 25%ـی ئاوەکە دەگرێت، ئەی ئەوی دیکە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: بەشێکی دیکەی بە بەنداوی بچوو، بە درێژایی ئەو کەندەی کە دێتە خوارەوە، ئەو بەنداوە بچووکانە ئاو دەگرێتەوە، هەروەها سەوزکردنی دەوروبەری ناوچەکە رێگری لە داخوران دەکات و قوڕولیتە ناهێڵێت، چونکە بەشێکی مەترسییەکە ئەوەیە لە ئاوەڕۆکانی سێبەردان قوڕولیتە هەیە، لەو بەرزاییەی پیرڕەش کە 200 مەتر بەرزترە، چەو و زیخ و بەردی هێناوەتە ناو ئاوەڕۆکە. لەو کاتەدا ئاوەڕۆکە توانای خۆی لەدەستدەدات و ئاوەکە دوو هێندە سەرڕێژ دەکات؛ جارێک بەهۆی ئەو پاشماوانەی هاتوونەتە ناوی، جارێکی دیکەش بەهۆی ئەوەی ئاوەکە خۆی زۆر بووە. بۆیە بەنداوی بچووک و سەوزکردن دوو هەنگاون.
هەروەها لە ناوەوەی شەقامی 150 مەتری بەرەو هەولێری نوێ و سێبەردان چەند حەوزێکی هێورکردنەوە دروستبکرێن تا ئاوەکە بگرن و هێوری بکەنەوە و قوڕولیتە نەیەت. چوارەمیان ئەوەیە، لە کەسنەزان و بەرزاییەکانیەوە بەرەو پیرمام و بەستۆڕە، ئەو کەندانەی روو لە هەولێری نوێ و سێبەردان دەکەن، ئاوەکەیان وەربگێڕدرێت بەرەو کەندی بەستۆڕە کە 250 مەتر لێژییەکەی یارمەتیدەرە. پێنجەمیان ئەوەیە ئاوەڕۆ سندووقییەکانی نێوان سێبەردان و هیوا درێژبکرێنەوە و دوو ئاوەڕۆی دیکەیان بۆ زیاد بکرێت و ببنە هەشت ئاوەڕۆ، بە هاوبەشی بەرەو کەندی کۆڕنیش ئاوەکە ببەن.
رووداو: باشە ئەم پۆند و بەنداوە بچووکانە و ئەوانەی بۆ هێورکردنەوەی ئاو کار دەکەن لەگەڵ ئەم ئاوەڕۆ سندووقییانە، هەموویان پێویستیان بە چەند پارەیە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: تێچووەکەی هەرچەند بێت، ئەگەر بمانەوێت ئەو شارە رێکبخەینەوە و نەخشەیەکی بنەڕەتیی بۆ دابنێین، ئەوانە گرنگن بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە، بۆ کاتی ئێستاش، دەتوانین بە ئامێر و کەلوپەلی خۆمان ئەو حەوزە هێورکەرەوانە کاتی دروستبکەین.
رووداو: دەستان پێکردووە چونکە بارانێکی دیکە لە رێگەیە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: بەڵێ، ئێستا ئامادەکارییەکان و تیمەکان لەو شوێنانەن.
رووداو: واتە لەوێ هەندێک کەند دروست دەکەن؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: لەسەر رێڕەوە ئاوییەکە وەکو پۆندێک دروستدەکرێت، بە درێژایی 100 مەتر و پانیی 30 بۆ 40 مەتر و قووڵیی چوار بۆ پێنج مەتر. ئەو بڕە ئاوە دەگرێتەوە تاوەکو هێور ببێتەوە و قوڕولیتەکەش لەخۆبگرێت.
رووداو: ئێمە هەر ناتوانین رێگە لە کارەساتی سروشتی بگرین، بەڵام ئەمە چەند لە هێزی لافاوەکە کەم دەکاتەوە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: دەتوانین رێژەی زیانەکان کەم بکەینەوە، چونکە وڵاتانی پێشکەوتووش ناتوانن بەرەنگاری ئەو جۆرە بارانە ببنەوە، تورکیا بە 63 ملیمەتر ژێرئاو کەوت، لە ئەڵمانیا 150 کەس گیانیان لەدەستدا، کەواتە ئێمە بەدەر نین لەو کارەساتە سروشتییانە، بەڵام دەبێت سروشت رێکبخەینەوە بەپێی ئەو فراوانبوونەی شارەکە کە لە ساڵی 2000ـەوە لە 38 کیلۆمەترەوە بووەتە 380 کیلۆمەتری چوارگۆشە، ئەمە کەم نییە بۆیە ئێمە پێشنیازی خۆمان بۆ رێکخستنەوە کردووە
رووداو: وەڵامێک هەیە بۆ ئەو پێشنیازانە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: بەڵێ، هەیە. سەرۆکی حکومەت سەردانی کردین، ئەو پێشنیازانەمان پێشکەش کرد و بە پەنا بەخوا لەم نزیکانەدا جێبەجێ دەکرێن.
رووداو: ئەوە بۆ ماوەدرێژیشە چونکە هەندێک پلان کاتی دەوێت، بەڵام بۆ نەخشەی بنەڕەتیی هەولێر ئایا لەبەرچاو گیراوە باران زۆر بێت، قەبارەی ئاوەڕۆ و رێڕەوەکان گەورە بکرێن؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: لەناو هەولێر ناتوانیت ئەو قەبارەیە گەورە بکەیت؛ دەبێت ئەو ئاوەی لە دەرەوە روومان تێدەکات رێگری لێبکرێت، ئەو ئاوەڕۆیانەی لە هەولێر دروستکراون، بارانی ناو شار بەڕێوەدەبەن و تەنانەت 80 ملیمەتریشی دەرباز کرد، ئاوەڕۆی ژێرپردی رزگاری کە پڕ ئاو بوو، وەکو پۆندێک هەولێری پاراست تا ئاو نەچێتە گەڕەکی سێتاقان و شەقامی 60 مەتری، ئێمە وەکو حکومەت ژێرخانێکی تەواومان هەیە، 14 وێستگەمان هەیە، سێ ملیۆن مەتر ئاوەڕۆی سندوقیمان هەیە ، واتە شار ئامادەیە ، بەڵام لە رێڕەوە سرووشتییەکان کە ئاراستەمان دەکرێ، دەبێ وردبینەوە و لێی بکۆڵینەوە دەبێت بە دروستکردنی پۆند و بەنداوی بچووک رێگری لێبکرێت لە دەرەوە، نەک لەناو شار.
رووداو: دوایین پرسیارم؛ خەڵک بۆ ئەم بارانەی چەند رۆژی داهاتوو کە پێشبینی دەکرێت بەلێزمە و زۆر بێت لە ماوەیەکی کەمدا، خەڵک چی بکەن؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: 48 کاژێر پێشتر کەشناسی ئاگادارمان دەکاتەوە، داوا لە خەڵک ئەوانەی گوێبیستمانن یان بینەرمانن،رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێ بکەن، لە کاتی بارانی مەترسیداردا بچنە نهۆمەکانی سەرەوە، یان ئەو شوێنانەی نزیکن لە کەندە سروشتییەکان دووربکەونەوە لەو شوێنانە، ئێمە دەتوانین زیان کەم بکەینەوە، بەڵام ناتوانین بە تەواوی رێگری لە لافاو بگرین، هەموو دنیا بێتە سەر خەت ناتوانین رێگری لە لافاو بکەین، گرنگ ئەوەیە زیانی گیانیمان نەبێت، چونکە زیانی مادی قەرەبوو دەکرێتەوە بەڵام گیان قەرەبوو ناکرێتەوە، ئێمە دڵتەنگ بووین بە گیانلەدەستدانی ئەو دوو خۆشەویستە، لە زەرەری مادی کێشەمان نییە بەڵام گرنگ ئەوەیە زیانی گیانیمان نەبێ، ئەو ئامادەکارییەشی هەیە دەیکەین، دەشتوانین بە خۆشەویستانمان بڵێین بە ئارامی بنوون.
رووداو: پێشبینییەکان لە لافاو دەبن؟ واتە پێشبینی دەکەن شتێکی دیکە لە رێگەدا بێت بۆ ئەم چەند رۆژە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: تاوەکو ئێستا وەک گوتم کەشناسی ئاگادارمان دەکاتەوە. ماڵپەڕەکان باسی باران دەکەن، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا کات و ساتەکەی نادیارە. ئەگەر پێشبینیی 30 ملیمەتر هەبێت لەوانەیە 80 ملیمەتر ببارێت، نامانەوێت خەڵک بترسێنین، بەڵام 48 کاژێر پێشتر روون بووەوە، رێژەکە بە وردی رادەگەیێنین و رێنمایی بە خەڵک دەدەین، بۆ خۆپاراستن زیاتر لەوەی کە رێگری لە لافاو بکرێت، حکومەت لە ئامادەباشیدایە.
رووداو: ئاوەڕۆکانی هەولێر چەند زیانیان بەرکەوتووە لەو ئەو لافاوە؟ هیچ زیانیان بەرنەکەوتووە؟
زەردەشت عەبدولخاڵق: بەڵێ، ئەو ئاوەڕۆیانەی هەمانە خەریکی پاککردنەوەیانین؛ ئەو ئاوەڕۆ سندووقییانەی لە هەولێری نوێ هەبوون، هەموو پڕ بوون لە قوڕولیتە و بەرد.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس کاک زەردەشت، سەرکەوتوو بن، دەستان خۆش بێت.
زەردەشت عەبدولخاڵق: زۆر سوپاس، سەرچاوان.


