رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری شارۆچکەی نورداغیی سەر بە پارێزگای دیلۆک، پاسێکی گەشتیاری کە لە ئیستەنبووڵەوە بەرەو مێردین دەچوو لەگەڵ دوو بارهەڵگردا پێکیاندادا و لە ئەنجامدا 23 کەس بریندار بوون کە برینی 3 کەسیان سەختە.
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، لەسەر رێگەی خێرای تارسوس - ئەدەنە - دیلۆک روویداوە. پێکدادانەکە لەنێوان پاسێکی گەشتیاریی نەفەرهەڵگر و دوو بارهەڵگر بووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی تیژڕۆیی، بارهەڵگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و دوای ئەوەی خۆی کێشاوە بە راگری نێوەڕاستی رێگەکەدا، وەرگەڕاوە.
دواتر بارهەڵگرێکی دیکە و پاسێکی گەشتیاری کە سەرنشینی لە ئیستەنبووڵەوە بەرەو مێردین دەگواستەوە، لە دواوە خۆیان کێشاوە بە بارهەڵگرەکەدا و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە سەرنشینانی ناو پاسەکە بریندار بوون.
دوای رووداوەکە تیمەکانی جەندرمە، تەندروستی، ئاگرکوژێنەوە و تیمی فریاکەوتنی پزیشکیی نیشتمانیی تورکیا رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
تیمەکانی جەندرمە رێوشوێنی پاراستنی رێگەکەیان گرتەبەر و تیمە تەندروستییەکانیش دوای پێشکێشکردنی فریاگوزاریی سەرەتایی، بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوەندی شاری دیلۆک.
دوای رووداوەکە هاتووچۆ لە رێگە خێراکەدا بەرەو دیلۆک لەسەر یەک هێڵ و بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو بەڕێوەدەچێت، شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە دەستیپێکردووە.
رێگەی خێرای تارسوس - ئەدەنە - دیلۆک یەکێکە لە هێڵە سەرەکی و قەرەباڵخەکانی گواستنەوەی نێوان رۆژئاوا و ناوەڕاستی تورکیا لەگەڵ شارەکانی باکووری کوردستاندا، کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە پاسی نەفەرهەڵگر و بارهەڵگرە بازرگانییەکان لەنێوان ئیستەنبووڵ، ئەدەنە، دیلۆک، ئامەد و مێردین هاتووچۆی پێدا دەکەن.
ئەو رێگە خێرایە لە سنووری پارێزگای دیلۆکدا بەهۆی پێکهاتە شاخاوییەکەی، لێژایی و چڕیی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە قورسەکانەوە، لە رابردووشدا چەندین رووداوی هاوشێوەی پێکدادانی لێ روویداوە.


