رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێردا لە مهاباد، سێ ئۆتۆمبێل لە سێ رووداوی هاتووچۆی جیاوازدا سووتان. جێگری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەکە دەڵێت، سێ کەس لە رووداوەکاندا بریندار بوون.
یەکێک لە رووداوەکان ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 19-11-2026، لەسەر رێگەی مهاباد-میاندواوی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا. سەردار فەداکار، جێگری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری سەمەند و بارهەڵگرێکی بچووک لە جۆری سایپا پێکیانداداوە.
بەگوتەی سەردار فەداکار، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە گڕی گرتووە، ''سەرەڕای ئەوەی بە هاوکاریی شۆفێران ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا، سێ کەس بریندار بوون''.
جێگری بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای مهاباد ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دەرهێنانەوەیان، بریندارەکان چارەسەری سەرەتاییان وەرگرتووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
هاوکات لە ئازادیانی مهاباد، بە هۆکاری ناڕوون ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید گڕی گرتووە، ''بەڵام تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن''.
وەک سەردار فەداکار دەڵێت، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی گڕگرتنەوە، بە تەواوی لەنێوچووە.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا لەسەر رێگەی مهاباد-سەردەشت، لە نزیک گوندی مازەڵە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیژۆ 405 گڕی گرتووە و بە تەواوی سووتاوە. جێگری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد گوتی: رووداوەکە بەهۆی کێشەی سیستمی کارەبای ئۆتۆمبێلەکەوە بووە.
سەردار فەداکار ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سووتاوە.
بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێل لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام رەخنە لە کواڵیتیی بەرهەمەکانی هەردوو کۆمپانیای ئیرانخۆدرۆ و سایپا دەگرن کە بریتین لە سەمەند، پێژۆ پارس، پێژۆ 405، پراید، تیبا، کویک، شاهین و چەند بەرهەمی دیکە.
ئەوە لەکاتێکدایە پێچەوانەی کواڵیتیی نزمیان، هەندێکیان لە بواری نرخەوە، رکابەری لەگەڵ ئۆتۆمبێلە ئاستبەرزە جیهانییەکان دەکەن.


