رووداو دیجیتاڵ
پەروەردەی بۆکان دەڵێ، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی هەڵامەت و بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر تەندروستیی قوتابیان، ئامادەنەبوونی قوتابییان لە پۆلە سەرەتاییەکان و باخچەکانی منداڵان بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بۆکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە 21-11-2026 قوتابییان لە پۆلە سەرەتاییەکان و باخچەی منداڵان لە سنوورەکە ناچنە پۆلەوە، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەڵامەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی پەروەردەی بۆکاندا ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ ئەوەی لە خوێندن دانەبڕێن، قوتابیانی پۆلی سەرەتایی بە شێوەی ئۆنلاین و لە رێگەی ئەپلیکەیشنی (شاد)ـەوە وانەکانیان دەخوێنن.
راگەیاندنی پشووی خوێندن لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە لە بۆکان هەڵامەتی وەرزی بڵاوبووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان تووش بوون، بە شێوەیەک کە بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستیی شارەکە، نەخۆشخانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو قەرەباڵخ بوون.
رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمیش، بۆ دوو رۆژ ئامادەنەبوونی قوتابییانیش لە پۆلەکان راگەیێندرا.
لە شاری بۆکان و گوندەکانی، نزیکەی 50 هەزار قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندندا هەن و بڕیارەکە بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی قوتابیان دەرکراوە.



