رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی بەکارهێنان لە بەڕێوەبەرایەتیی گازی کرماشان دەڵێ، بەهۆی زێدەڕۆیی لە بەکارهێناندا، گازی 117 بەڕێوەبەرایەتییان لە پارێزگاکە بڕیوە.
ئەمڕۆ شەممە 21-11-2026، محەممەد جامەشۆرانی، بەڕێوەبەری بەشی بەکارهێنان لە بەڕێوەبەرایەتیی گازی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان باسی لە کورتهێنانی گاز کرد و رایگەیاند: ''نەهێشتنی ناهاوسەنگیی وزە، پێویستی بە هاوئاهەنگیی سەرجەم دامەزراوە جێبەجێکارەکان و بەشداریی بەرچاوی خەڵکە''.
بەگوتەی جامەشۆرانی، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز لە کەرتی ماڵان، کاریگەری لەسەر دابینکردنی وزە بۆ پیشەسازییەکان هەیە و گوتی: ''ئەگەر خێزانەکان بتوانن 15%ـی بەکارهێنانی گاز کەم بکەنەوە، دەرفەتی تەرخانکردنی گازی زیاتر بۆ کەرتی پیشەسازی دەڕەخسێت و ئەم بابەتە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەردەوامیی بەرهەمهێنان و پاراستنی هەلی کار."
بەڕێوەبەری بەشی بەکارهێنان لە بەڕێوەبەرایەتیی گازی کرماشان ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامن لە چاودێریی چۆنێتیی بەکارهێنانی گاز لەلایەن هاوبەشانەوە و رێکاری تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
وەک محەممەد جامەشۆرانی دەڵێ، چاودێرییەکانیان دامەزراوە حکومییەکانیش دەگرێتەوە و ''تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگاکە سەردانی 865 بەڕێوەبەرایەتیمان کردووە کە بەهۆی خراپبەکارهێنان، پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و زێدەڕۆیی، گازی 117ـیانمان بڕیوە".
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی ئێران، کۆی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی وڵاتەکە بۆ ساڵی 2025، نزیکەی 280 ملیار مەتر سێجا بووە، بەڵام بەگوتەی ئیسماعیل سەقاب ئیسفەهانی، جێگری سەرۆککۆمار، ساڵانە پێویستیی نێوخۆیی ئێران نزیکەی 285 ملیار مەتر سێجا گازە.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگی 40 رۆژەدا کە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی وزەی ئێران کەوت و بەشێک لە کێڵگەکان لەکارکەوتن، ئەوەش بەراورد بە پێش جەنگ، کورتهێنانی گازی زۆر زیاتر کردووە.



