رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانیی هونەرمەند، نووسەر، ئەکادیمیست و چالاکڤانی دیاسپۆرانشین نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی هەرێمی کوردستان دەردەبڕن و هۆشداری دەدەن لەوەی "قووڵکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان، دەستکەوتەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە."
ژمارەیەک هاونیشتمانیی هونەرمەند، نووسەر، ئەکادیمیست و چالاکڤان لە دیاسپۆرا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، "داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ناکۆکییەکانیان بە دیالۆگ و سازانی ئاشتییانە چارەسەر بکەن."
لە راگەیێندراوەکەی کوردانی دیاسپۆرادا هاتووە، "پێداگری لەسەر قووڵکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و ململانێ تایبەتەکانی دەسەڵات، نەوەک هەر ئارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵکو دەستکەوتەکان و (قەوارەی هەرێمی کوردستان)یش دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە."
ئەو کۆمەڵە کەسایەتییەی دیاسپۆرا پێیان وایە، "رێگەی سەرەکی بۆ دەربازبوون لە تەنگژەی سیاسی و چارەسەرکردنی پرسەکانی حوکمڕانی لە کاراکردنەوە و بەهێزکردنی رۆڵی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیدایە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "بوونی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی مایەی شانازییە بۆ کوردانی هەر چوار پارچە و جیهان، هەربۆیە پاراستنی ئارامی و قەوارەکەی تەنیا داخوازییەکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژووییە و بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەم قۆناخەدا دەکەوێتە ئەستۆی پارتی و یەکێتی."
ئەو نووسەر و چالاکڤانانەی دیاسپۆرا جەخت لەوە دەکەنەوە، "پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت کە چ سەرکەوتن و چ دۆڕان بەتەنیا هی یەک حیزب و یەک سەرۆک نییە، بەڵکو هی هەموومانە. هەربۆیە گرنگە سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندی حزبایەتییەوە و ئەرکەکانی خۆیان راپەڕێنن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "مافی هەر حیزب و رێکخراو و هاونیشتمانییەکی کوردستانە بە ئازادی بۆچوون و بیروڕای تایبەتی خۆی دەربارەی رووداوەکان هەبێت و لە رێگەی کێبڕکێیەکی ئاشتییانە و دیموکراسییەوە هەوڵی جێبەجێکردنیان بدات. بەڵام مافی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو مافە تاکەکەسی و حیزبی و رێکخراوەییەکانەوەیە.



