رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان، لە حەوت مانگی رابردوودا 27 کرێکار لە شوێنی کارکردنیاندا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.
بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە حەوت مانگی رابردوودا 27 کەس لە پارێزگاکە لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، کە سەرجەمیان پیاو بوون."
بێهتاش خانی ئاباد گوتی:" هەر لەو ماوەیەدا 409 کرێکار بە هۆی رووداوەکانی کارەوە بریندار بوون کە 13 کەسیان ژن و 396 کەسەکەی دیکەیان پیاو بوون".
بە گوتەی بێهتاش خانی ئاباد، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، گیانلەدەستدان و برینداربوون لە شوێنی کار لە کرماشان 35% کەمی کردووە.
بەپێی راپۆرتی دادپزیشکی، 13 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، شەش کەسیان بەهۆی بەرکەوتنی کەرستە، دوو کەسیان بە هۆی تەزووی کارەبا، چوار کەسیان بە هۆی سووتان و دوو کەسی دیکەش بە هۆی بەرکەوتنی کەرەستەی دیکە گیانیان لە دەستداوە.
بە گوێرەی ئاماری دادپزیشکی ئێران، پار هەزار و 879 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی کار گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 36 هەزار کەسیش برینداربوون.
نەگرتنەبەری رێکارەکانی خۆپاراستن لە کاتی کارکردندا بە هۆکارێکی سەرەکی رووداوەکان دادەنرێ.




