رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە کۆنسووڵی گشتیی رووسیا دەکات و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە مەڕات رەژبەدینۆڤ، کۆنسووڵی گشتیی نوێی رووسیا لە هەولێر کرد.
بارەگای بارزانی لەبارەی نێوەڕۆکی دیدارەکە دەڵێت: کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان، "ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان رووسیا و گەلی کوردستان و رۆڵی بارزانیی نەمر لە قووڵبوونی دۆستایەتیی نێوان هەردوولا دا، جەختی لە ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە".
لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، "هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی بۆ رووسیا هەیە و رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بەرز نرخاند و پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان هەبوو".
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی "بە گەرمی" بەخێرهێنانی کۆنسووڵی گشتیی رووسیای لە هەولێر کرد و وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی، پشتیوانیی خۆیشی راگەیاند لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی وەک کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر.
بارەگای بارزانی دەڵێت: "سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و رووسیای بە مێژوویی و پتەو و دۆستانە وەسف کرد و خوازیاری فراوانترکردنی ئەو پەیوەندییانە بوو".



