رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی دار هەرمێ لە سنووری شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندازیارێک کەوتە خوارەوە و دواتر گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری بۆکان بە رووداوی گوت، "دوێنێ ئەندازیارێکی خانووبەرە لە کاتی سەردانکردنی پڕۆژەیەک کەوتە خوارەوە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
هاونیشتمانییەکە گوتی، ئەو هاونیشتمانییە ناوی (ع. ف)ی تەمەنی 40 ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکە و خەڵکی شاری بۆکانە.
بە گوێرەی ئاماری دادپزیشکی ئێران، پار هەزار و 879 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی کار گیانیان لەدەستدابوو و زیاتر لە 36 هەزار کەسیش بریندارببوون.
نەگرتنەبەری رێکارەکانی خۆپاراستن لە کاتی کارکردن بە هۆکارێکی سەرەکی رووداوەکان دادەنرێ.




