رووداو دیجیتاڵ
بکوژی زێڕنگرەکەی مهاباد دەستگیر کرا و دەست بەسەر ئەو زێڕەدا گیرا کە لە دووکانەکە دزیبووی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووهەمی 2026، ئەمیر رەزا رەسووڵیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی مهاباد رایگەیاند، "بکوژی زێڕنگەرەکەی مهاباد دەستگیرکرا و دەست بە سەر ئەو زێڕانەشدا گیرا کە لە دووکانە دزیبوو."
رۆژی دووشەممە، 23-11-2026 لە شاری مهاباد دزێک بە چەکەوە چووە سەر دووکانێکی زێڕنگەری و خاوەنی دووکانەکەی بەناوی مەسعود بەیگی لەلایەن دزەکەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
تەقەکەرەکە کە تەمەنی نزیکەی 30 ساڵە و دوای رووداوەکە رایکردبوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو بکوژەکە لە سەر رێگەی پیرانشار دەستگیر کراوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی مهاباد بە میدیاکانی راگەیاند؛ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش دەرکەوتووە؛ دزەکە دوای تەقەکردن و کوشتنی زێڕینگەرەکە، بڕێک زێڕ و خشڵی بردووە و هەڵاتووە.
فەرماندەی پۆلیسی مهاباد ئاماژەی بەوە کردووە، رووداوەکە لە بازاڕی زێڕینگەران و لە شەقامی تاڵەقانیی رۆژهەڵات بووە.




