رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی غەدی سووری لەبارەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رەخنەی تووند لەو چالاکڤانە سوورییانە دەگرێت کە داوای داخستنی دەروازەی سنووریی سێمالکا دەکەن. دەشڵێت: "سەرۆک مەسعود بارزانی و کورد، پەناگە بوون بۆ هەڵاتوو، ترسێنراو و جیابووەوەکان."
ئەمڕۆ هەینی، 27-11-2026، ئەحمەد جەربا، سەرۆکی رەوتی غەدی سووری لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سێ رۆژە چاودێریی قەیرانێکی نوێی کۆن لە نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکەن و رایگەیاند، ئەمانە قەیرانی یەک لەدوای یەکن کە 20 ساڵە ماوە ماوە نوێ دەبنەوە و زوو هێور دەبنەوە.
جەربا نووسیویەتی: "تێکچوونی هاوسەنگی لە بەغدا دەبێتە هۆی تێکچوونی عێراق و هەروەها هاوسەنگی لە هەولێر و بەپێچەوانەشەوە راستە، هەمیشەش پەنا بۆ دەستوور دەبردرێت و داناکانی عێراق لە کورد و عەرەب دێنە سەر هێڵ، دڵەکان ساف دەبن و ئەمەش تێدەپەڕێت".
سەرۆکی رەوتی غەدی سووری جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندیی ستراتیژییان لەگەڵ هەولێر و بنەماڵەی بارزانی نهێنی نییە، کە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بنیاتی ناوە و لە قۆناخێکدا خۆیان نوێنەرایەتییان کردووە؛ پەیوەندییەک کە مێژوو، جوگرافیا، پەیوەندیی هۆزایەتی و هاوپەیمانییە کۆن و مێژووییەکانی نزیکەی دوو سەدەی تێدایە.
قەیرانی بەغدا و هەولێری بە قەیرانێکی نێوخۆیی عێراق وەسف کرد و هیوای خواست بەم نزیکانە کۆتایی بێت و ئاو بگەڕێتەوە رێڕەوی خۆی، "بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێک خوازیارین."
ئەحمەد جەربا رەخنەی لە هەندێک چالاکڤانی سووریایی گرت کە هاتوونەتە سەر هێڵ و لە دژی هەولێر پشتیوانیی بەغدا دەکەن و داوای داخستنی دەروازەی سنووریی سێمالکا دەکەن، ئەم داواکارییەشی بە نیشانەی "رقێکی نەتەوەیی" وەسف کرد.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا جەربا دەڵێت، ئەرکی ئەخلاقی پێش نیشتمانی وای لێدەکات بیری بهێنێتەوە کە دەروازەی سێمالکا تاکە دەروازە بوو لە رۆژهەڵاتی سووریا کە لە لانیکەم سێ پارێزگای گەورەی سووریاوە هەموو جیابووەوەیەک لە رژێمی پێشوو، هەموو دەرکراو و ستەملێکراوێک و هەموو نەخۆشێک کە نەیدەتوانی بچێتە دیمەشق و لە لیستی دەستگیرکردنی رژێمدا بوو، لێیەوە تێپەڕیون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو پیاو و ژنێک کە لە مردن و سەختیی ژیان هەڵدەهاتن، "هەولێر وێستگەی سەرەکی بوو بۆیان، بۆ ئەو سوورییانەی وەک تێپەڕگە یان شوێنی نیشتەجێبوون هەڵیان دەبژارد، بێ ئەوەی پاسپۆرتی سوورییان وەک مەرجی چوونەژوورەوە لێ داوا بکرێت، لە کاتێکدا دەیانزانی تێچووی پاسپۆرتی سووری زۆربەی سامانی هەر خێزانێک دەبات، جگە لە سەختیی دەرهێنانی."
جەربا دەڵێت: "سەرۆک مەسعود بارزانی و کورد، پەناگەی ترساو، هەڵاتوو و جیابووەوەکان بوون، هەموو دەرکراوێکیان دەحەواندەوە و بە هانای هەموو لێقەوماوێکەوە دەچوون؛ سەرەڕای کەمیی تواناکان، زیاتر لە کەمپێکیان بۆ پەنابەرانی هەموو پێکهاتەکان کردەوە بێ هیچ جیاوازییەکی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی".
هەروەها باسی لەوە کرد کە لە قۆناخی دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی زۆری سووریا و عێراق لەلایەن داعشەوە، هەرێمی کوردستان ئەم دەروازە مرۆییەی بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل کردەوە و پرسی: "ئایا پاداشتی چاکە بە پێنەزانین و نکۆڵیکردن دەدرێتەوە؟".
لە کۆتاییدا ئەحمەد جەربا داوای لەو کەسانە کرد کە خۆیان بە چالاکڤان دەزانن و لەسەر پرسی گشتی دەنووسن، لەبارەی ئازارەکانی سووریاییەکان، گرانیی بژێوی و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی سووتەمەنی وەک گازوایل لەگەڵ هاتنی زستاندا قسە بکەن.
گوتیشی، ئەگەر قسەکردن لەسەر خەمەکانی بژێوی بە شتێکی لاوەکی دەزانن، ئەوا زیاتر لە ساڵ و نیوێکە ئیسرائیل رۆژانە لە باشووری سووریا لە پارێزگاکانی دەرعا، سوەیدا و قونەیتەرە جموجۆڵ دەکات و گەیشتووەتە نزیک دیمەشق؛ سووریا خۆی ئەوەندەی بەسە قەیرانی تێدایە و پێویست ناکات دەستوەردان لە قەیرانی برا و دراوسێکاندا بکەن، بۆیە داوای کرد: "واز لە عێراق بهێنن بۆ خەڵکەکەی و بە پشتیوانیی خودا باش دەبێت".



