رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین پێشبڕکێی نیشتمانیی ئۆڵۆمپیادی ژیریی دەستکرد بە بەشداریی 100 گەنجی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک لە هەولێر بەڕێوەچوو. پێشبڕکێکە بە پاڵپشتیی کونسوڵخانەی کۆریای باشوور رێکخراوە و سێ گرووپی براوە، هەریەکەیان 10 هەزار دۆلار و گەشتێکی کۆریای باشوور دەبەنەوە.
پێشبڕکێکە لەلایەن کۆمپانیای ئۆڤانیاوە بە بەڕێوەبەرایەتیی یەحیا لەزگین چاڵی رێکخراوە و تێیدا بەشداربووان لە سێ بواری جیاوازدا رکابەری دەکەن. بەشێک لە گەنجە بەشداربووەکان خوێندکاری بواری تەکنەلۆژیای زانیاری (ئایتی)ـن و بەشێکی دیکەشیان تەنیا لەبەر خولیا و پێداویستیی کۆمەڵگە بەشدارییان لە پرۆگرامەکەدا کردووە.
لە هەر سێ بوارەکەدا، گرووپەکانی یەکەم تاوەکو سێیەم بۆ ماوەی یەک مانگ راهێنان وەردەگرن. بەشداربووانی پێشبڕکێکە لە شار و ناوچە جیاوازەکانەوە هاتوون، لەوانە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و ئیدارەی راپەڕین.
کونسوڵخانەی کۆریای باشوور لە هەولێر پاڵپشتیی ئەم پرۆگرامە دەکات. کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لەبارەی چالاکییەکەوە دەڵێت: زۆر خۆشحاڵم کە کۆریای باشوور لە دەستپێکردن
و پشتیوانیکردنی ئەم چالاکییەدا بەشدارە و هیوادارم ببێتە سەکۆیەکی گرنگی داهێنان و هاوکاری لە هەرێمی کوردستان. هەروەها دەبینم کە هاوئاهەنگیی باش لە بواری ژیریی دەستکرددا لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆریادا هەیە، بۆیە هەوڵدەدەم دەرفەتێک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە هاوکارییەکانمان لەم کەرتەدا بدەین.
لە دوای قۆناخی راهێنان و دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە بۆ کێشەکان، سێ گرووپ وەک براوەی کۆتایی دیاری دەکرێن و هەریەکەیان دەبنە براوەی 10 هەزار دۆلار و گەشتێکی کۆریای باشوور.



