رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، پێنج داری پارێزگاکە لە لیستی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمارکران.
ئارمان وەتەندووست، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای سنە، رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ ناساندن، تۆمارکردن و پاراستنی میراتی سرووشتیی پارێزگاکە، ئەو پێنج دارە لەسەر ئاستی نیشتمانیی ئێران تۆمارکران.
هاوکات عەلی بێهنیا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری میراتی کولتووری لە پارێزگای سنەدا، وردەکاری خستەڕوو و گوتی، پێنج دارە تۆمارکراوەکە پێکدێن لە "داری ئەفرای قەوقازی لە سنووری شاری بانە، کۆمەڵە دارقەزوانەکانی گوندی ساڵیان، دارتوویەک لە گوندی دەرەتفی هەورامان، داری رەش لە گوندی شێخ عەتاری سنووری شاری مەریوان و دارچنارێک لە گوندی هەوارەمێژەی شاری سەوڵاوا."
بێهنیا ئاماژەی بەوەشکرد، تەمەنی بەشێک لەو دارانە لەنێوان 300 بۆ 400 ساڵدایە و تۆمارکردنیان لە لیستی نیشتمانیدا هەنگاوێکە بۆ پاراستنی سامانە سرووشتییەکانی پارێزگاکە و هێشتنەوەی ئەو میراتە بەنرخە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
بێهنیا رایگەیاند، پێشتر 32 "شوێنەواری سرووشتیی پارێزگاکە" لە لیستی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمارکرابوون.



