رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بۆ تۆپی بالە، پیرۆزبایی لە یانەی سەنحاریبی دهۆک دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەم سەرکەوتنە مایەی شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە گەرمی پیرۆزبایی لە دەستەی کارگێڕی، ستافی راهێنەران و تەواوی یاریزانانی یانەی سەنحاریب لە دهۆک کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بۆ تۆپی بالە و تۆمارکردنی ئەو دەستکەوتە وەرزشییە گەورەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەم سەرکەوتنە مایەی شانازی و پێزانینە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و توانا و ئیرادەی کچانی کوردستان بۆ سەرکەوتن و دەرکەوتن لە گۆڕەپانە وەرزشییەکانی جیهاندا دەسەلمێنێت."
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی هەموو ئەوانەی لەو سەرکەوتنەدا بەشدار بوون، هیوای بەردەوامی و دەستکەوتی وەرزشیی زیاتری بۆ یانەکە و یاریزانانی خواستووە.
دوێنێ شەممە، یانەی سەنحاریب، دەستکەوتێکی مێژوویی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار بووە پاڵەوانی رۆژئاوای ئاسیا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی بوشرییەی لوبنانی بەدەستهێنا.
لە سێیەم یارییدا لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا، یانەی سەنحاریبی شاری دهۆک، بەرامبەر یانەی بوشرییەی لوبنانی یارییکرد و یارییەکەی بە سێ گێمی بێبەرامبەر بردەوە.
دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا، بەرامبەر یانەی عەرەبی قەتەری یارییکرد و بە زەحمەت بە سێ گێم بەرامبەر دوو گێم سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای ئەوە یانە کوردستانییەکە بە ئاستێکی بەرزترەوە دەرکەوت و توانیی هەموو رکابەرەکانی تێبپەڕێنێت.
لە یاریی دووەمی رکابەرییەکەدا، سەنحاریب سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی قەلەموونی لوبنانی بەدەستهێنانی و بە سێ گێمی بێبەرامبەر بردنەوەی تۆمارکرد.
پێش ئەنجامدانی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، هەکار برقی، راهێنەری یانەی سەنحاریب بە رووداو سپۆرتسی گوت، بە پلەی دووەم رازی نابین و چاومان لەوەیە نازناوەکە ببەینەوە، چەند کاژێرێکی دیکە هەواڵێکی خۆش دەکاتە هەرێمی کوردستان و سەنحاریب دەبێتە پاڵەوان.
یانەی سەنحاریب، بووە یەکەم یانەی لە مێژووی بالەی عێراق و کوردستاندا، نازناوی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بباتەوە و هەموو یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەی بە سەرکەوتن کۆتاییهێنا.



