رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی باران و دابەزینی پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستاندا، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، ئامادەیی تەواویان راگەیاند و مۆڵەتی کارمەندەکانیان راگرت.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکمان لە رووی ئامێر و کارمەندانەوە کردووە و سەرجەم تیمەکانمان لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا لە ئامادەیی تەواودان. مۆڵەتی کارمەندانمان راگرتووە و لە بەیانییەوە هەمووان لە ئامادەیی تەواودا دەبن."
بەگوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی: "22 بنکە لە ئامادەیی 24 کاژێریدان، کە هەر بنکەیەک دوو تیمی تێدایە و تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو لە ئامادەیی بەردەوامدا دەبن. داواش لە دانیشتووانی گوندەکان دەکەین ئەوانەی مەڕوماڵاتیان هەیە، لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە رێڕۆی لافاو و ئاون."
لە هەولێردا تایە و قەنەفە لە مەنهۆڵەکاندا دەرهێندراون
لە پارێزگای هەولێردا، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لافاو گرتییەوە، شارەوانی رێکاری نوێی گرتووەتەبەر. کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە رووداوی گوت: "دوای لافاوەکەی چەند هەفتەی پێشوو، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە پارێزگای هەولێردا وەک رێڕۆی ئاوی و پۆند دروستکراون و هەندێکیشیان لە تەواوبووندان؛ هەروەها پڕۆژە لاوەکییەکانیش جێبەجێکراون و رێڕۆ ئاوییەکانمان پاککردوونەتەوە."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر داوای هاوکاری لە هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: "لەدوای لافاوەکە لەنێو مەنهۆڵەکاندا تایە، قەنەفە، بلۆک و بەتانی دەرهێندراون، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین هاوکارمان بن. بەڵام هەندێکجار لە ماوەیەکی کەمدا بارانێکی زۆر دەبارێت کە ئەوانە سرووشتین و لە توانای مرۆڤدا نین. ئێستا هەموو مەنهۆڵەکان دووبارە پاککراونەتەوە و زیاتر لە 300 کارمەندمان لە سبەیەوە لە ئامادەیی تەواودا دەبن."
لە سلێمانی و هەڵەبجەدا ئامادەکاریی تەواو کراوە
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەشدا تیمەکانی شارەوانی خراونەتە ئامادەییەوە. سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، بە رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە؛ لە مانگی ئابەوە مەنهۆڵ و رێڕەوە ئاوییەکانمان پاککردووەتەوە، بەڵام تەنیا بەوە نەوەستاوین و ئێستاش دووبارە تیمەکانمان هەموو شوێنەکانیان پاککردووەتەوە و لە ئامادەیی تەواوداین بۆ هەموو ئەگەرێک."
هاوکات ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند: "لە مانگی ئەیلوولەوە هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە و لە شەپۆلی بارانە بەهێزەکەی رابردوودا خۆشبەختانە هیچ رووداوێکی نەخوازراو لە سلێمانیدا رووینەدا. ئەمجارەش بە هەمان شێوە ئامادەکارییەکانمان کردووە و تیمەکانمان تاوەکو ئەمڕۆ بە بەردەوامی گەڕاون و مەنهۆڵ و رێڕەوەکانیان پاککردووەتەوە؛ لە سبەیەوە بە 100 کارمەندەوە لە ئامادەیی تەواودا دەبین."
دهۆک: ئەو شوێنانەی مەترسییان لەسەرە پاککراونەتەوە
لە دهۆکیشدا کە پێشبینیدەکرێت کاریگەریی سەرەتای شەپۆلەکە زیاتر لەسەر ئەو سنوورە بێت، شێروان حەسەن، گوتەبێژ و بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک، بە رووداوی گوت: "ئەو شوێنانەی مەترسییان لەسەرە وەک رووباری هشکەڕۆ پاکمان کردوونەتەوە، قووڵی و فراوانییەکەیمان زیادکردووە و دەوروبەرەکەیشمان کۆنترۆڵکردووە. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەک بەرگریی شارستانی و رێگەوبان هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و 11 تیممان بە ئامێرەکانیانەوە لە ئامادەیی تەواودان. هێڵی گەرمیشمان هەیە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لەکاتی بوونی هەر کێشەیەکدا پەیوەندیمان پێوەبکەن."
ئەم ئامادەکارییانە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاسۆ کەمال، کەشناس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوایەکی سارد لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوادا، پلەی گەرما نزمدەبێتەوە و بارانبارین ئەم هەفتەیە لە سبەیەوە بە شێوەی پچڕپچڕ لەدوای نیوەڕۆوە دەستپێدەکات. کاریگەرییەکەی لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا لەسەر هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زۆر بەچڕی دەردەکەوێت."
بەگوتەی ئەو کەشناسە: "کاریگەریی شەپۆلەکە سەرەتا لە رۆژئاوا و باکووری کوردستانەوە دەبێت و بە شێوەی پچڕپچڕ، لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانیشدا ئەگەری بەفربارین هەیە بەپێی جیاوازیی ناوچەکان."
لەلایەکی دیکەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سبەی یەکشەممە ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لە زۆربەی کاتەکاندا؛ بە نمەباران و بارانی پچڕپچڕ دەستپێدەکات و لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین زیاددەکات. کاریگەریی ئەم شەپۆلە زیاتر لەسەر سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەبێت."
هاوکات بۆ ئەم هەفتەیە شەپۆلی سەرما، بەفر و بارانبارین هەر چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە. لەکاتێکدا لە باکووری کوردستاندا بەفر و رەشەبا زیانیان گەیاندووە و هۆشداریی بەستنی رێگەکان دەدرێت، لە باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیشدا پێشبینیی دابەزینی پلەی گەرما، بارانی بەخوڕ و ئەگەری لافاو دەکرێت.




