رووداو دیجیتاڵ لەکاتی منداڵبووندا، ژنێک لە کەلار گیانی لەدەستدا و کەسوکارەکەی دەڵێن، "بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیی هەڵەوە بووە." تەندروستیی گەرمیانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە. هەڵمەت عومەر، برای مێردی بێخاڵ جەبار، بە رووداوی گوت، براژنەکەی تەمەنی 36 ساڵە، دایکی دوو کوڕە و دوای لەدایکبوونی کچەکەی، تەندروستیی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە. ئەو دەڵێت، "براژنەکەم 10 ساڵە لەنێو ئێمەیە، دوای ئەوەی داخیلی نەخۆشخانە کرا، دەرزیی تاقیکردنەوەی لێدراوە، دوای ئەوە تەندروستیی تێكچوو و گورچیلەکانی وەستان." دوای تێکچوونی تەندروستیی بێخاڵ، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە کەلار. بە گوتەی هەڵمەت عومەر، براژنەکەی لە کاژێر" 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی 17-6-2026 گیانی لەدەستدابوو"، بەڵام نەخۆشخانە ئەهلییەکەی کەلار پێیان نەگوتووە و تاوەکو درەنگی شەو ئینجا بە ئەمبوڵانس بۆ سلێمانی و نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە گواستراوەتەوە و لەوێ پێیان گوتوون، "بە مردوویی هێنراوە." هەڵمەت دەڵێت: "کاتی مردنی براژنەکەم بۆ ئێمە زۆر نادیارە." کەسوکاری بێخاڵ جەبار چاوەڕێی دەرئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەن بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە پێکهێناوە. ئازاد حەمە فەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت: "لیژنەکە لە نوێنەری بەشی یاسایی، داواکاریی گشتی و پزیشکی پسپۆڕ پێکدێت و گوتە لە ستافی هەردوو نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب و نەخۆشخانە ئەهلییەکە وەردەگیرێت." گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا کەسوکاری کۆچکردوو سکاڵایان تۆمار نەکردووە و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەکەن. بێخاڵ 10 ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خەڵکی شێخ لەنگەرە لە سنووری کەلار، ماڵی لە کفرییە لە تەنیشت ماڵی خەزووری. دایکی دوو کوڕە و یەکەم کچیشی کە پێنجشەممەی رابردوو لەدایکبوو و دوای خۆی جێهێشت، هەڵمەت گوتی، تەندروستیی کچەکەی جێگیرە.
هەواڵە ناوخۆییەکان22-06-2026زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی: بەزووترین کات کاری جیددی لەسەر کەیسی د. عەبدولـلەتیف دەستپێبکرێت
هەواڵە ناوخۆییەکان22-06-2026بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی: هەر مارکێتێک نرخی هەڵواسراو و پارە وەرگرتنی جیاواز بێ سزا دەدرێ