رووداو دیجیتاڵ
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، بەردی بناخەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمان بە گوژمەی 22 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار دانرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێ، "زاخۆ لە هەموو کەرتەکاندا پێشەنگە." وەزیری تەندروستییش دەڵێ، "کوردستان بووەتە نموونەی پێشکەوتن لە بواری چاکسازیی دەرمان."
رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، بەردی بناخەی کارگەی (داسن) بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە ناحیەی باتیفای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا. پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 18 دۆنم زەوی دروستدەکرێ و بڕیارە لە 36 مانگدا تەواو بکرێ، بە تەواوبوونیشی 399 هەلی کار دەڕەخسێنێت.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، لە چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 50 کارگە لە سنووری زاخۆ کراونەتەوە و رایگەیاند، "زاخۆ لە هەموو بوارەکانی ئاوەدانیدا پێشەنگە، بەڵام هێشتا پڕۆژە و ئاوەدانیی زیاتر ماوە، ئەوەش بەگوێرەی پلان و ئامانجی ئێمە بۆ زاخۆ لە پێنج ساڵی داهاتوودا."
بە گوتەی گوهدار شێخۆ، زاخۆ تاکە شارە ماستەرپلانی وەبەرهێنانی تەواو بووبێت و بکەوێتە بەردەستی وەبەرهێنەر و خاوەن کارەکان؛ گوتیشی، "لەو رۆژەوەی زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، کار لەسەر ئەوە دەکرێ کە دوای 50 ساڵی دیکە چۆن دەبێت و چ پلانێکی ئاوەدانی بۆ دابنرێ."
کارگەکە چەندین جۆر دەرمان بەرهەم دەهێنێت. دکتۆر رەمەزان تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کارگەی داسن بە روودای راگەیاند، "کورتهێنانێکی زۆر لە بەرهەمهێنانی دەرمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. ئەم کارگەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پڕکردنەوەی خواست لەسەر دەرمان." گوتیشی، "سەرەتا حەب و شرووبی وشک بە بڕێکی زۆر بەرهەم دەهێندرێ کە پێویستمان بە هاوردەکردن نامێنێت و رەنگە دەست بە هەناردەکردنیش بکەین."
سەبارەت بە دابینکردنی کارمەندی شارەزا، دکتۆر رەمەزان تەیب ئاماژەی بەوەدا کە کارمەندی خۆیان دەنێرنە ئەڵمانیا بۆ وەرگرتنی شارەزایی و ئامێرەکانیش لە هەمان وڵاتەوە دەهێنن و گوتی، "ئەو کارگانەی ئامێرەکانمان پێدەدەن، ستافی خۆشیان دەنێرن بۆ ئەوەی کارگەکە بخەنە کار و راهێنان بە ستافی نێوخۆیی بکەن بۆ ساڵێک تاوەکو دوو ساڵ."
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکەی بە "یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان" ناوبرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی چاکسازی لە کەرتی تەندروستی، "شۆڕشێکی چاکسازییان" لە بواری دەرمان و پێداویستیی پزیشکیدا دەستپێکردووە.
وەزیری تەندروستی گوتی، "ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە نموونەی پێشکەوتن لە بواری چاکسازیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ دەرەوە و بەشەکانی دیکەی عێراق، ئەمەش بە شایەتی و پێدانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا."
دکتۆر سامان بەرزنجی گوتی، لە چەند ساڵی رابردوودا نرخ بۆ زیاتر لە 18 هەزار جۆر دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دانراوە و نرخیان کەمکراوەتەوە. بە گوتەی وەزیری تەندروستی، لە ساڵی 2024 نزیکەی 239 ملیار دینار و لە ساڵی 2025 نزیکەی 56 ملیار دینار نرخ کەمکراوەتەوە، کە بە گشتی دەکاتە 295 ملیار دینار داشکاندن و "ئەم پارەیە بۆ هاووڵاتی گەڕاوەتەوە."
_Zakho.jpg&w=3840&q=75)


